پارچەی تێدایە شەش هەزار ساڵ کۆنە

مۆزەخانەکەی کۆیە ئامادەی کردنەوەیە

964+

پێشەوا محەمەد

مۆزەخانەی کۆیە ئامادەی کردنەوەیە و سەرجەم پارچەکانی ئامادەن، بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە دەڵێت، چاوەڕێی کونسوڵخانەی ئەڵمانیان بۆ کردنەوەکەی.

خەرجیی مۆزەخانەکە لە لایەن کونسوڵخانەی ئەڵمانیاوە دابینکراوە، 100 پارچەی شوێنەواریی تێدا دادەندرێت و پارچەکان سەردەمەکانیان دیاری کراوە.

یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە بە 964ـی راگەیاند، مۆزەخانەکە هەر لەناو بینای خۆیان لەناو قشڵەی کۆیەدا دەبێت و سەرجەم جامخانە و پێویستییەکانی ناوی ئامادەکراون و تەواو بوون.

وتیشی، “ئەوە هەنگاوی یەکەمە، لەگەڵ کردنەوەی دەتوانین بڵێین مۆزەخانەمان هەیە و گەشتیاران بێن بۆ بینینی ئەو کەلوپەلانەی تێیدا دادەندرێن”.

230 ناوچەی شوێنەواری لە کۆیە دیاریکراون، بەڵام بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت زیاترن و هیوادارن لە داهاتوودا ناوچەی دیکە بدۆزرێتەوە.

کەلوپەلە مێژووییەکان پێکهاتوون لە کوپە، پەیکەر، سکە، پارە، گۆزە، چەقۆ و کەرەستەی جوانکاری، کە لە ساڵانی پێشوودا دۆزراونەتەوە.

“پارچەی تێدایە مێژووەکەی بۆ شەش هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و هی سەردەمی چاخی بەردین و پێش ئیسلامی تێدایە”، یەکێتیی واحید وای وت.

شوێنەواری کۆیە پێویستی بە بوودجە و کارمەندە

شوێنەواری کۆیە پێویستی بە بوودجە و کارمەندە