گۆڕانکاری لە نەخشەی تۆپی پێی کوردستان
گەرمیانیيەکان پێشەنگی خولەکانی کوردستانیان گرتووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ھەر سێ یانەی وەرزشی شێروانە و رزگاری و باوەنوور لە گەرمیان، پێشەنگی ریزبەندیی خولەکانی کورستانیان گرتوە و نایەناوێت کەس پێشیان بکەوێت، ئه‌مه‌ش پێشهاتێكی نوێیه له تۆپی پێی كوردستاندا.
لە خولی نایابی كوردستان، كه تا ئێستا گەڕی نۆزدەی به‌ڕێوه‌چووه، یانەی شێروانە بە 33 خاڵ پێشەنگی گرتووە.
عادل عەلی، راھێنەری یانەی شێروانە بە 964ى وت، “ئەگەر ئەمساڵ خولی نایاب نەبەینه‌وه، کەواتە ھیچمان نەکردووە، ھەموو ھەوڵ و ئامانجان ئەوەیە ببینە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان”.
یانەی شێروانە 19 یاریی کردووە، لە نۆ یاری براوە بووە و شەش یارییان یەکسان کردووە، لە چوار یاریشدا دۆڕاون، لە سەرجەم یارییەکاندا 25 گۆڵیان کردووە و 16 گۆڵیشیان لێکراوە.
یانەی وەرزشی رزگاری لای خۆیه‌وه، ئێستا بە 28 خاڵ پێشەنگی خولی یانه پلە یەکه‌كانی کوردستانی گرتووە.
ئەنوەر رەشید، راھێنەری یانەی رزگاری بە 964ى وت، “پارەیەکی زۆرمان خه‌رجکردووە، ئەگەر ئەمساڵ نەتوانین سەرکەوین بۆ خولی نایابی کوردستان، ھیچ کاتێکی‌تر ناتوانین سەرکەوین، چونکە زۆر بەباشی خۆمان ئامادەکردووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئاستی یاریزانەکانیان زۆر رازین، بەڵام گرفتیان ئەوەیە یاریزانیان کەمە.
“پەیوەندیمان بە ھەر یاریزانێک کردووە لە عێراق و کوردستان لەبەر دەستپێکردنی زۆرینەی خولەکان لەیەک کاتدا، نەیانتوانیوە لەگەڵمان بن”، ئه‌نوه‌ر ره‌شید وا ده‌ڵێت.
یانەی رزگاری تائێستا 11 یاریی کردوە، لە 9 یاریدا براوەب وون و یارییەکیان یەکسان و یارییه‌كیشیان دۆڕاندووه، توانیویانە 22 گۆڵ تۆمار بکەن و پێنج گۆڵیشیان لێکراوە.
هه‌ر له گه‌رمیان، یانەی باوەنوور، کە ساڵی پێشوو مۆڵەتی یانه‌كه‌یان نوێکرایەوە، ئێستا به كۆكردنه‌وه‌ی 7 خاڵ پێشەنگی خولی پلە دووی کوردستانیان گرتووە.
نەبەرد عەزیز، راھێنەری یانەی باوەنوور بە 964ى وت، “یاریزانەکانمان لە رووی توانای جەستەییەوە زۆر باش ئامادە نین، چونکە ساڵی پار مۆڵەتی یانەکەمان نوێکرایەوە و ئامادەکاری باشمان نەکردبوو”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ھەموو ھەوڵێکی خۆیان دەدەن، بۆ خولی پلە یەکی كوردستان سه‌ركه‌ون.
یانەی باوەنوور، سێ یاری ئەنجامداوە لە دوو یارییاندا براوە بووە و یارییەکیش یەکسان بوون، سێ گۆڵیان تۆمارکردووە و گۆڵێکیان لێکراوە.
ئه‌م وه‌رزه پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو به یانه‌كانی سنووری گه‌رمیانه‌وه دیاره و یاریزان و به‌هره‌مه‌ندی زۆر له سنووره‌كه‌دا هه‌یه، هه‌رچه‌نده له‌وێدا هێشتا یاریگه‌ی باش و پێداویستییه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی یانه و تیپی وه‌رزشی وه‌ك پێویست نییه.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا