ساڵانه‌ پێویستى به‌ 25 هه‌زار تۆنه‌

له‌ دهۆك چاودێری ئه‌و پڕۆژه‌ ئاژه‌ڵیانه‌ ده‌كرێت كه‌ گۆشتى سوور ده‌خه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت چاودێرى ته‌واوى ئه‌و پڕۆژه‌ ئاژه‌ڵیانه‌ ده‌كات كه‌ گوێره‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كه‌ن، سامانى ئاژه‌ڵی ئه‌م پارێزگایه‌ش ده‌ڵێت “تا دڵنیا نه‌بین رێگه‌ ناده‌ین ئاژه‌ڵه‌كانیان بخرێته‌ بازاڕه‌وه‌”.

پێشتر له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك، ژماره‌ى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى له‌ رێگه‌ى پڕۆژه‌كانیانه‌وه‌ هاورده‌ى ئاژه‌ڵى بیانیان ده‌كرد 60 كۆمپانیا‌ بوون، دواتر ژماره‌یان بۆ  15 كۆمپانیا كه‌میكرد و ئێستاش به‌پێی دوایین ئامار 30 كۆمپانیا خاوه‌نى پڕۆژه‌ى ئاژه‌ڵدارین و كاریان هاورده‌كردنى ئاژه‌ڵه‌ بۆ سه‌ربڕین.

رێدیر شه‌ریف، به‌ڕێوه‌به‌رى سامانى ئاژه‌ڵى دهۆك، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڤێتێرنه‌رى چاودێرى ئه‌م پڕۆژانه‌ ده‌كه‌ن، به‌ 964ـى وت، چه‌ندین مه‌رج و رێنمایی له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژانه‌ داندراون، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێیان نه‌كه‌ن رێگه‌ ناده‌ن ئاژه‌ڵه‌كانیان بخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌.

له‌و مه‌رجانه‌ى كه‌ رێدیر باسی ده‌كات، دڵنیابوونه‌وه‌یانه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئاژه‌ڵه‌ هاورده‌كراوه‌كان هه‌ڵگرى هیچ نه‌خۆشییه‌ك نه‌بن و پشتیش به‌و لیسته‌ جیهانییه‌ ده‌به‌ستێت، كه‌ رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام بۆ ئاژه‌ڵى ته‌ندروست بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.

وتیشی “ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى بۆ سه‌ربڕین هاورده‌ ده‌كرێن به‌شی زۆریان بریتین له‌ گوێره‌كه‌ و پڕۆژه‌ش هه‌یه‌ ئاژه‌ڵه‌كانى وه‌ك (سمێناڵ و فریز) هاورده‌ ده‌كه‌ن بۆ به‌رهه‌می شیر”.

به‌قسه‌ى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌، دوو تاوه‌كو سێ مانگ جارێك، ئاژه‌ڵى هاورده‌كراو له‌ده‌ره‌وه‌ له‌رێگه‌ى ئه‌م پڕۆژانه‌ ده‌هێندرێنه‌ ناو پارێزگاى دهۆك.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ لاى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سامانى ئاژه‌ڵى دهۆكه‌، پارێزگاكه‌یان به‌ ئاژه‌ڵى خۆماڵى ته‌نیا ده‌توانێت نزیكه‌ى 40%ـى خواستى هاوڵاتیانى پارێزگاكه‌یان بۆ گۆشتى سوور دابین بكات، بۆیه‌ له‌رێگه‌ى ئه‌م پڕۆژانه‌وه‌ په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر هاورده‌كردنى ئاژه‌ڵ له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمی كوردستان.

وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێمیش خه‌ملاندنێكی بۆ پێویستى ساڵانه‌ى هه‌ر تاكێك به‌ گۆشتى سوور له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه‌، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ر تاكێك پێویستى 14.5 كیلۆگرام گۆشتى سوور هه‌یه‌.

به‌ قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سامانى ئاژه‌ڵى دهۆكیش، به‌پێی ئه‌م خه‌مڵاندنه‌ى وه‌زاره‌ت پارێزگاكه‌یان ساڵانه‌ پێویستى به‌ نزیكه‌ى 25 هه‌زار تۆن گۆشتى سووره‌، تا خواستى ناوخۆ پڕبكاته‌وه‌.

كۆمپانیاکانى هاورده‌كردنى ئاژه‌ڵ له‌ دهۆك كه‌میانك...

كۆمپانیاکانى هاورده‌كردنى ئاژه‌ڵ له‌ دهۆك كه‌میانكردووه‌