نەک هەر باڵندە خەڵکیش مەست دەکات

بەفەرمی ناوی شادانە لەناو ماددە قەدەغەکراوەکاندا هاتووە

میدیازان – شانۆ کەمال – هەولێر

وێنە و ڤیدیۆ دیلان محەمەد

لیستی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی‌ ئه‌مساڵ ناوێكی‌ سه‌یری‌ تیابوو، شادانه‌ خه‌ڵك تائێستا باڵنده‌یان پێ مه‌ست ده‌كرد، ده‌ركه‌وت خه‌ڵك خۆیشی‌ پێی‌ مه‌ست ده‌بێت.

ئه‌م سێشه‌ممه‌یه‌ی‌ رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ به‌رانگاربوونه‌وه‌ی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵه‌وه‌ تا كۆتایی ته‌مموز بڵاوكرایه‌وه‌، له‌ناو مادده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا  کریستاڵ‌و هیرۆیین‌و حەشیش‌و تلیاک‌و ماریوانا‌و گراس و شادانە هەبوون.

ماددەی شادانە تا دوو ساڵ لەمەوبەر لە نێو بازاڕ دەفرۆشرا و دەدرا بە باڵندەکان بەمەبەستی زۆربوونی زاوزێیان، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک مادەی هۆشبەر سوودی لێدەبینرا، قەدەغە کرا.

دکتۆر بەختیار سەعید، سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵان لە هەمانکاتدا لەناو بازاڕی ئاژەڵان لەهەولێر کلینیکی ڤێتەرنەری هەیە بە میدیازانی راگەیاند، مادەی شادانە ماوەیەک لە نێو بازاڕ دەفرۆشرا بەڵام دوای ئەوەی بەدواداچون و پشکنینی بۆ کرا کە ماددەی هۆشبەری تێدایە لە بازاڕەکان قەدەغە کرا.

بەوتەی ئەو دکتۆرە ماوەی دوو ساڵە ئەم ماددەیە بەهیچ شێوەیەک نەهاتۆتە بازاڕی ئاژەڵانی هەولێر.

ئەم ماددەیە بەکاردەهێنرا تاوەکو زاوزێی ئەم باڵندانە زیادبکات‌و چونکە باڵندەکانی گەرم دەکردو وای دەکرد زاوزێیان خێراتر بێت، بەڵام زیانی زۆری هەبوو بۆیە ماوەی دوو ساڵە بەهەموو شیوەیەک قەدەغەکراوە.

“ئەم ماددەیە بەکاردەهێنرا تاوەکو زاوزێی ئەم باڵندانە زیادبکات‌و چونکە باڵندەکانی گەرم دەکردو وای دەکرد زاوزێیان خێراتر بێت”

سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵان

دوکاندارێکی فرۆشتنی خواردنی باڵندە لە ژێر پردەکەی ناو بازاڕی سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە میدیازانی راگەیاند، شادانە دەدرێت بە ھەندێک باڵندە بە تایبەت کەناری، توانای سێکسی زیاد دەکات و توانای خوێندنیشی زیاد دەکات، بەڵام گەر زۆری لە ڕێژەی خۆی پێ بدرێت ئەوا ئەو باڵندەیە گێژ دەکات و رەنگە مرداریش ببێتەوە.

“گەر زۆری لە ڕێژەی خۆی پێ بدرێت ئەوا ئەو باڵندەیە گێژ دەکات و رەنگە مرداریش ببێتەوە.”

دوکاندارێکی فرۆشتنی خواردنی باڵندە

شادانە ماوەی دوو ساڵە لە بازاڕدا نەماوە و تەنیا بە تێکەڵی لەگەڵ خواردنی تردا ھەیە.

دوکاندارێکی دیکە وتی:”کەسانێک بۆ راوە کەو بەکاریاندھێنا و بەوە کەویان دەگرت”.

هەموو ئەوانەی قسەیان بۆ میدیازان کرد ئەوایان روونکردەوە کە چۆن مادەکە وەک مادەی هۆشبەر بەکار دەهێنرێت، بەڵام میدیازان ئەو وردەکارییەی لای خۆی پاراستووە بۆ ئەوەی خراپ سوودی لێنەبینرێت.