خواست لەسەری زۆرە

ئەمساڵ لە ئاکرێ سێ هەزار دۆنم زەوی بە نۆک دەچێندرێت

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

لە قەزای ئاکرێ جووتیاران دەستیان بە چاندنی نۆک کردووە، بەپێی پێشبینی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی دهۆک بێت، ئەمساڵ سێ هەزار دۆنم زەوی بە نۆک دەچێندرێت.

لە قەزای ئاکرێ نۆکی خۆماڵی و نۆکی تورکی دەچێندرێت، بەپێی بەدواداچوونەکانی 964 نرخی یەک کیلۆ نۆکی خۆماڵی لە نێوان هەزار تا 2 هەزارە، یەک کیلۆ نۆکی تورکیش 2 هەزار تا 3 هەزار دینارە، دوکانداران دەڵێن، هۆکاری جیاوازی نرخەکە بۆ شێوەکەی دەگەڕێتەوە، چونکە نۆکی تورکی شێوەی جوانترە بەڵام خواست لەسەر نۆکی خۆماڵی زیاترە.

عەلی هەرکی جوتیارێکی قەزای ئاکرێیە بە 964ـی وت، ساڵی رابردوو بەرهەمی نۆک زۆر باش بوو 40 دۆنم زەوی نۆکم چاند، بەڵام ئەمساڵ نیازم هەیە 70 دۆنم زەوی بە نۆک بچێنم، وتیشی، خواست لەسەر نۆکی خۆماڵی ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات، بەهۆی ئەوەی خۆماڵیە و تام خۆشیەکەی تەنانەت نرخەکەشی لە نۆکی تورکی هەرزانترە.

ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـى وت، ئەمساڵ لە قەزای ئاکرێ پێشبینی دەکرێت سێ هەزار دۆنم زەوی نۆک بچێندرێت و جووتیاران دەیانەوێت زیاتر نۆک بچێنن، بەهۆی ئەوەی خواستی زۆری لەسەرە لە بازاڕدا.

زۆرترین رووبەری زەوی لە قەزای ئاکرێ بۆ نۆک تەرخانکراوە، کە سەر بە پارێزگای دهۆکە، بەپێی زانیارییەکانی 964یش بێت، ساڵی رابردوو لە قەزای ئاکرێ نزیکەی دوو هەزار دۆنم زەوی نۆکی تێدا چێندرابوو.

پێداچوونەوە: میدیا گۆران

دەسکەنەی نۆک؛ کارێکی سەخت و دەستکەوتێکی کەم

دەسکەنەی نۆک؛ کارێکی سەخت و دەستکەوتێکی کەم