دوو کەس لە سیتەک 1300 داریان بڕیوەتەوە
میدیازان – هاوبەش – دیسکی سلێمانی
لە سنورى گوندەکانى ئاڵە سیاو و کانى وەیسە لە سیتەک دوو کەس یەک هەزار و 300 داریان بڕیوەتەوە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانیش دەڵێت بڕیاری دەستگیر کردنیان بۆ دەرچووە.
بەمەبەستى بازرگانیکردن و بەکارهێنانى زەویەکەى کە پانتایی 3 دۆنمە، کەسێک نزیکەی یەک هەزار داری بڕیوە و پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارباژێر بەدوایدا دەگەڕێن.
هێمن کەمەرخان بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە میدیازانی وت، “ئەو تۆمەتبارەی کە هەزار دارەکەی بڕیوەتەوە ویستویەتی زەوییەکەی بەش بەش بکات و ئەوکات مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوە بکات.”
کەسێکی دیکە هەر لە سنووری گوندەکانی ئاڵە سیاو و کانى وەیسە هەڵساوە بە بڕینەوەی 300 دار و پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، “زیانێکی زۆری بە سروشتی ناوچەکە گەیاندووە.”
پۆلیس ناسنامەی هەردوو تۆمەتبارەکەی زانیوە، بەڵام هێشتا بەشوێنیاندا دەگەڕێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا 62 کەس لەسەر بڕینی دار و 31 کەسی دیکەش لەسەر سووتاندن و بەخەڵوزکردنی دار دەستگیرکراو.
لە ساڵی 2008، پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی دەرکرد، بەپێی یاساکە سزایەک بۆ بڕینەوەی دار یان تێکدانی سرووشت دیاریکراوە، کە بریتیە لە پێبژاردنی 150 هەزار دینار بۆ 200 ملیۆن دینار، دەکرێت سزاکە زیندانیکردنیش بگرێتەوە.