تیمەکان هەر لە ئامادەباشیدان

لە سنووری ئاکرێ چوار ماڵ و چەندین ئۆتۆمبێل لە لافاو رزگارکران

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

بەهۆی زۆری ریژەی باران بارینی سنووری پاریزگای دهۆک و بە تایبەت سنووری قەزای ئاکرێ چەندین رووداوی جۆراوجۆر روویداون و چەندین ئۆتۆمبیل و ماڵی هاوڵاتیان رزگار کراون.

تەنیا دوینێ چوارشەممە، لە سنووری بەرگری شارستانی ئاکرێ چوار ئۆتۆمبێل و سێ خانوو و بارهەڵگرێک رزگارکراون لە لافاو.

فەواز سوبحی بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی ئاکرێ بە 964ـی وت، دوینێ شەو لەکاتی ئەو بارانبارینی بەخوڕ لە سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش، چەندین رووداوی جۆراوجۆر روویدا و لافاو لە چەند شوێنێک دروستبوو، چەند ئۆتۆمبێلێکیش گیریان خواردبوو لە ژێر ئاودا.

وتیشی، تیمەکانی سەر بە بەرگری شارستانی ئاکرێ هەموو لە ئامادەباشدان و چەندین شوین ئاستی ئاو تیادا بەرزبووەوە و هەر زوو تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوینەکان و رزگاریان کردوون، دوو خانوو لە گوندی حەسەنی سەر بە ناحیەی رۆڤیا رزگار کران کە خەریک بوو ئاو بیانبات و هەروەها ماڵی سێیەم لە سەنتەری قەزای ئاکرێ پێش ئەوەی ئاو بیبات رزگارکران.

لەلایەکی دیکەوە چوار ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرێک گیرییان خواردبوو و دواتر رزگار کران و رادەستی خاوەنەکانیان کرانەوە” ئۆتۆمبێلێیان لە گەلی زەنتا و دوو ئۆتۆمبێل لە دووڕیانی مەلەبروان لە سنووری ناحیەی قەسرۆک و هەروەها بارهەڵگرێک لە دووڕیانی مەلەبروان رزگار کران و زیاتر زیانەکان مادی بوون، فەواز سوبحی وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی