زەوییەکانی کشتوکاڵین

لە گوندێکی ئاکرێ زەوی بۆ خانووکردن نەماوە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە گوندێکی سنووری ناحیەی گردەسێنی قەزای ئاکرێ بەهۆی ئەوەی زەوی نەماوە خانووی لێ دروستبکرێت، هەر ماڵێک سێ سەرۆک خێزانی تێدایە، دانیشتووانی گوندەکە داوا دەکەن حکومەت چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێتە و دەڵێن، زەوییەکانیان هەمووی کشتوکاڵییە و ناتوانن خانووی لێ دروست بکەن و بەشێکیان بەهۆی نەبوونی شوێن گوندەکەیان بەجێدەهێڵن.

عەلی قۆچە سلێمان، موختاری گوندی لەکان بە 964ی وت، هەموو ئەو زەویانەی لە گوندەکەدا هەن زەوی کشتوکاڵین و خاوەنەکانیان رازی نین بەبێ وەرگرتنی قەرەبوو بکرێن بە زەوی نیشتەجێبوون، تاوەکو ئێستاش 10 خێزان گوندەکەیان بەجێهێشتووە.

بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەکە بەکرێدراون و جوتیاری دیکە کاری چاندنیان تێدا دەکەن، محەمەد سلێمان، یەکێکە لە جوتیارانی گوندەکە کە زەوییەکەی بەکرێداوە، ئەو بە 964ی وت، بێ ئەوەی حکومەت قەرەبوومان بکاتەوە ناتوانین بیدەین بە خەڵک بۆ ئەوەی گوندەکە بەرفراوان بکەین و زەرەری زۆر دەکەین.

ئەحمەد سلێمان، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن بە 964ـی وت، یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گوندی لەکان ئەوەیە ئەبێت خەڵکی گوندەکە خۆیان هاوکاری یەکتربن، چونکە جوتیار ئامادەنییە زەوی خۆیان بدەن بە خەڵکی دیکە، بابەتی فراوانکردنی گوند و قەرەبووکردنەوەی جوتیاران پێویستی بە رەزامەندی نۆ وەزارەت هەیە و کاتی دەوێت و هەروەها بودجەی پێویستە.

بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن ئەوەش دەڵێت: لە ساڵی 2020 رێکخراوێکی مەدەنی لە بەغدا هات و دەیانەویست بنکەیەکی تەندروستی بە بڕی یەک ملیار دینار لە گوندەکە دروستبکەن، بەڵام جوتیارەکان رازی نەبوون زەوییەکانیان ببەخشن، رێکخراوەکەش پرۆژەکەی گواستەوە بۆ گوندی گرگۆران و ئێستا لەبواری جێبەجێکردن دایە.

پێداچوونەوە: هاوبەش

مشک و جرج جوتیارانی گردەسێنیان هەراسان کردووە

مشک و جرج جوتیارانی گردەسێنیان هەراسان کردووە