ئاو چووەتە نێو 10 ماڵ
لافاوەکەی پیرەمەگروون سێ پردی رووخاندووە
964+
ژووری هەواڵ
بەهۆی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە ناحیەی پیرەمەگرونی قەزای دووکان، سێ پرد روخاون و ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 10 ماڵ و کۆگایەکی هەڵگرتنی شتومەکی پاککەرەوە و خواردن.
پردی زەرزی لە ناوچەی چەمی رێزان ئاوبردویەتی و هاتوچۆی گوندی عەوەڵان و سەیرانگای چەمی رێزان بەتەواوی وەستاوە و هاوکات رێگەی گوندی شیلەخان لە نزیک پردی رێگەکە ئاو بردویەتی و گرفتی هاتوچۆی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان کە لەلایەن سیروان سەرحەد، قایمقامی دوکان بۆ 964 پشتراستکراوەتەوە، هەر بەهۆی دروستبوونی لافاو پردێکی تر لە رێگەی گوندەکانی تەڕەمار و قازان و کانی چنار رووخاوە، لەچەندین ناوچەی تریش ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بوو.
قایمقامیەتی دوکان دەڵێت، شارەوانی پیرەمەگرون هەوڵیان داوە لەچەند شوێنێک لە رێگەی لاوەکییەوە گرفتی هاتوچۆ نەهێڵن تا چارەسەری کۆتاییان بۆ دەکرێت.
سیروان سەرحەد، قایمقامی دوکانی رایگەیاند، “هەوڵدەدەن لە نزیکترين كاتدا لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی ريگاوبان وئاوەدانکردنەوەوە ئەو پردانە چاک بکەنەوە کە بەهۆی لافاوەکەوە ڕوخاون و سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە”.