"ناچێتە خزمەتی خەڵکەوە"

لە گەرمیان کۆمەک کۆدەکرێتەوە و ئیدارەی شارەکە ناڕازییە

964+
ئەحمەد مستەفا

لە گەرمیان رێکخراوێکی خێرخوازی دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی کۆمەک، رێکخراوێکی دیکەش بەنیازە هاوکاری مرۆیی بەسەر ماڵە زیانلێکەوتووەکان دابەشبکات، ئیدارەی گەرمیان لەوە نیگەرانە و نایەوێ ئەوکارانە بێ ئاگاداری ئەوان بکرێ.

لە بەرامبەر کەلاری نوێ و لە رێگەی کەلار بۆ کفری، رێکخراوێک خێمەی هەڵکردووە و داوای لە خەڵک کردووە، هاوکاری دارایی، یان مرۆیی (خواردن و کەلوپەل) بهێنن و ئەوان وەریدەگرن، رێکخراوێکی دیکەش ئاماری ماڵە زیانلێکەوتووەکانی کردووە و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری لە رێگەن بۆ کەلار، ئەوەش بە گوێرەی سۆراغی 964.

ئەمڕۆ شەممە 17.2.2024، لە راگەیەندراوێکدا ئیدارەی گەرمیان دەڵێت، ئەو پڕۆسانەی بە هاوکاری ئیدارە و یەکە ئیدارییەکانی گەرمیان نەبێت، ئامانجەکەیان ناچێتە نێو چوارچێوەی سوود و بەرژەوەندی هاوڵاتیانی زیان لێکەوتوو، لەبەر ئەوەی ئیدارەی گەرمیان خۆی لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە قەبارەی زیانەکانی لافاو لە سنووری گەرمیان بە داتای ورد و دروست دەخەمڵێنێت.

لەبارەی راگەیەندراوەکەیانەوە، چۆمان ئەحمەد، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە 964ی وت، ئاگادارکردنەوەی لایەنە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە دەیانەوێت کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی لافاو ئەنجام بدەن بۆ ئەوەیە ئەو ئەزموونەی رابردوو کە لە دەرەوەی رێکخستن و کاری هەماهەنگییەوە کۆمەکی ناتەندروست و ناپێویست کۆدەکرایەوە، دووبارە نەبێتەوە.

سۆراغی 964 ئەوەی دەرخست، یەکێک لە رێکخراوەکان مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و رێکخراوەکەی دیکە، مۆڵەتی لە رێکخراوە ناحکومییەکان هەیە، بەڵام بۆ پرسی کۆمەک کۆکردنەوە، بە نووسراو داوای رەزامەندییان لە ئیدارەی شارەکە نەکردووە.

بە وتەی چۆمان ئەحمەد بێت، ئاوی پەنگخواردوو زیانی بە 200 ماڵ گەیاندووە، پێنج ئاوبارەی رێگاوبان تێکچووە، لەگەڵ چوار محاویلە و 25 فیدەری کارەبا زیانیان بەرکەوتووە، هەروەک 100 پەلەوەر و 42 سەر ئاژەڵ مردوون، کارگەیەکی بلۆک و سێ حەفارە زیانیان بەرکەوتووە.

بە وتەی وتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بێت، زۆرینەی زیانەکان لە ناوەندی کەلار بووە، بە تایبەت گەڕەکی کەلاری کۆن و کەلاری نوێ و گەڕەکی گۆران و ئەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە شوێنە نزمەکان، کە هەروەک رێژەیەکی زۆری زیانیان بەرکەوتووە.

لە کەلار بەهۆی لافاو 200 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە

لە کەلار بەهۆی لافاو 200 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە

وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان: رێگەی چوون بۆ دەربەندیخان و ک...

وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان: رێگەی چوون بۆ دەربەندیخان و کفری داخراوە

"لافاو زیانى 700 ملیۆن دینارى لە رێگاوبانەکانى گەرمیان داوە"