رێگایەکی نیو کاتژمێریان لەپێش دەبێت
بەهۆی رووخانی پردێکەوە رێگای ھاتووچۆی 20 گوندی گەرمیان نەماوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
کاریگەری شەپۆلە بەهێزەکەی باران وایکرد لە گوندی تازەدێ پردێکی ھاتووچۆی گوندنشینان بەھۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی رووباری سیروان بڕۆخێت.
پردەکە نزیکەی پێنج ساڵ پێش ئێستا کارگەیەکی چەو و لم دروستیکردووە، ھاتووچۆی نزیکەی 20 گوندی لەسەرە، گوندەکانی ئەوبەری سیروان بە کەلار دەبەستێتەوە.
ھەردی حەمە ساڵح، خاوەنی کارگەی چەو و لمە پردەکەشی دروستکردوە بە 964ى وت، “پردەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە و بەشێکیشی رووخاوە و ژێر ئاو کەوتووە، ئەمەش گرفتی بۆ ھاتووچۆی گوندشینەکان دروستکردوە، بۆ ھاتنە کەلار ئەبێت رێگایەکی دوورتر ببڕن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “کارکردنی کارگەکانی چەو و لم وەستاون و ئێمەش کارگەکەمان ئیش ناکات، بۆیە ناتوانین نۆژەنی بکەینەوە و تێچویەکی زۆری دەوێت”.
باران و لافاو چەند پردى رووخاندووە؟
دانیشتوانی ئەو گوندانە بە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوە سەرقاڵن، بۆ ھاتوچۆکردن و ھاتن بۆ کەلار دەبێت بڕۆنە گردەگۆزینە یان لە مەیدانەوە ھاتووچۆ بکەن، ئەمەش رێگاکەیان نزیکەی 30 خولەک بۆ کاتژمێرێک دوردەکەوێتەوە.