پەیامنێرى 964 دەیدۆزیتەوە

خانەوادەیەک بۆ دۆزینەوەى وێنەیەکى کۆنى باوکیان یەک ملیۆن دینار دەبەخشن

964+

محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ

خانەوادەیەکى دانیشتووى هەولێر بە دواى دۆزینەوەى وێنەیەکى باوکیاندا دەگەڕێن، کە مێژووەکەى بۆ زیاتر لە نیو سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لە قەڵادزێ گیراوە، بۆ ئەو مەبەستە خەڵاتێکى دارایى یەک ملیۆن دینارى دەبەخشنە هەرکەسێک کە وێنەگرەکەیان بۆ بدۆزێتەوە.

محەمەد عەلى، پەیامنێرى 964 لە قەڵادزێ سۆراغى بۆ بابەتەکە کرد و دەرکەوت وێنەگرەکە لە ژیاندا نەماوە و کوڕەکەى کە ئێستا دانیشتوى سوێدە، بەشێک لە ئەرشیفى ستۆدیۆکەى باوکى پاراستووە.

خانەوادەیەک بۆ دۆزینەوەى وێنەیەکى کۆنى باوکیان یەک ملیۆن دینار دەبەخشن

ئاراز ئەحمەد، کوڕى ئەو کەسەیە کە لە نێوان ساڵانى 1963 بۆ 1968 لە قەڵادزی وێنەى گیراوە، ئەو قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”ئێمە بەدوای ئەم وێنەگرەدا دەگەڕێین بۆئەوەی ئەو وێنەیە بدۆزینەوە، کە باوکم پێش نیو سەدە لە قەڵادزێ بووە و لەوێ گرتوویەتى”.

ئاراز ئەحمەد باس لەوە دەکات، دەیانەوێت کۆپى رەسەنى وێنەى باوکیان بدۆزنەوە، چونکە ئەو وێنەیەى ئێستا لایانە لەبەرى گیراوەتەوە و تێکچووە.

ئاراز لە زارى باوکییەوە کە تا ئێستاش لە ژیاندا ماوە، چیرۆکى وێنەکەى بۆ 964 گێرایەوە و دەڵێت: باوکم بەساڵاچووە و هەر ئەوەندەى بیرماوە لەناو ستۆدیۆ لە قەڵادزێ وێنەکەى گرتووە و ستۆدیۆکە ناوى پشدەر بووە”.

964 دەزانێت، ناوی تەواوی ئەوکەسەی وێنەکەی گیراوە (ئەحمەد عەزیز یوسف)ـە و دانیشتوی هەولێرن، لە ئەشرافەکانی دزەیین، ئەو کەسەشى وێنەگەى گرتووە، زاهیر رەشید رەسامە و خەڵکى قەڵادزێیە و خاوەنى ستۆدیۆ پشدەری قەڵادزێ بووە.

ئاراز زاهیر، کوڕى خاوەنى ستۆدیۆى پشدەرە و ئێستا لە وڵاتى سوێد دەژیت، قسەى بۆ 964 کردووە و وتى،”باوکم لە ناوەڕاستى ساڵى 1961 ستۆدیۆ پشدەر قەڵادزێى لە قەزای قەڵادزێ دامەزراند، کە ئەوکات لە هەموو کوردستان چەند ستۆدیۆیەک هەبووە”.

بە قسەى ئاراز، مێژووى وێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایى شەستەکان و سەرەتاى حەفتاکانى سەدەى رابردوو، وەک باسى دەکات، ئەوکات لە ستۆدیۆکەى باوکیدا بە سێ شێوە وێنەى “کارەبایى و شووشەیى و شەمسى”، وێنەى خەڵکیان گرتووە.

لە بارەى وێنەى ئەو کەسەى کە ئێستا خێزانەکە بەدوایدا دەگەڕێن، ئاراز روونیکردەوە کە سەیرى ئەرشیفى وێنەکانى کردووە، بەڵام ئەو وێنەیە چونکە شوشەیى بووە نەتوانراوە ئەرشیف بکرێت و بپارێزرێت، بۆیە زۆر گەڕاوە و ئەو وێنەیەیان لا نەماوە.

دەشڵێت: ئەرشیفێکى زۆر گەورەمان لە بوارى وێنەدا هەیە، هەم هى خەڵکى مەدەنى و هەم پێشمەرگە، بەڵام بەهۆى رووداوەکانى 24.4.1974 و دواتر لە هەمان رۆژى ساڵى 1982، کە دوکانەکەیان دەکەوێتە بەر بۆردومان، زۆربەى ئەرشیفەکەیان تێدا دەچێت و ئەو ئەرشیفانەش کە وێنەى شوشەیى بوون، زۆربەیان لەناو چوون.

ستۆدیۆ پشدەر قەڵادزێ، لە ناوەڕاستى ساڵى 1989، دواى راگواستنى دانیشتووانى پشدەر بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێیەکان، هەڵدەگیرێتەوە و کۆتایى پێدێت و دواتریش بەهۆى شەڕى ناوخۆ و بارودۆخە سیاسییەکەى ناوچەکە، نەتوانراوە ستۆدیۆکە دابنرێتەوە، ئاراز زاهیر واى بۆ 964 باسکرد.

بڕیاریشە لە سەرەتای مانگى داهاتوودا، ئاراز زاهیر بگەڕێتەوە هەرێمى کوردستان و داوا لەو خانەوادەیە دەکات بیانبینێت و ئەرشیفى ستۆدیۆکەیان پیشان بدات، چونکە وەک خۆى دەڵێت: ئەو خێزانە دزەیین و ئێمەش ئەرشیفێکى دەوڵەمەندى دزەییەکانمان پاراستووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە موزەخانەی زاخۆ پارچەی شوێنەواری تێدایە تەمەنی 10 هەز...

لە موزەخانەی زاخۆ پارچەی شوێنەواری تێدایە تەمەنی 10 هەزار ساڵە