ئەو مالەی لە قەزای چۆمان سوتا. وێنە : بەرگری شارستانی سۆران
هۆکاری ئاگرەکە چی بووە؟
ئاگر ماڵێکی بە تەواوی سووتاند
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە گەڕەکی کۆشکی ئاشتی لە چۆمان ماڵێک گڕی گرت و هۆکارەکەشی بە وتەی بەرگریی شارستانیی سۆران، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە غاز بووە.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 18.2.2024 بووە، ماڵەکە سیستمی شۆڤاژیان هەبووە، بەهۆی مەترسیی تەقینەوە ماڵەکانی دەوروبەریشیان خانووەکانیان چۆڵ کردووە.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە 964ـی وت، “لە رووداوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا ماڵەکە سووتاوە و ئاگرەکەش کۆنتڕۆڵ کرا”.
وتیشی، “ئاگرەکە لە قنینەیەکی غازی ماڵەکە دروستت بووبوو، بەهۆی بوونی سیستمی شۆڤاژیشەوە مەترسی زۆر بوو لەسەر تەقینەوەی سیستمی غازەکە، بەڵام توانیمان کۆنتڕۆڵی بکەین”.
لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەم رووداوی ئاگرکەوتنەوەیە لە ماڵان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە هۆکاری هەردوکیان غاز بووە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد