بە دوو هۆکار
بازاڕی جلی کوردی ژنان کز بووە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ساڵانە لەم کاتەدا بازاڕی جلی کوردی بەرنەدەکەوت لە شاری سلێمانی، بەڵام ئەمساڵ دوکاندارەکان بێ کار دانیشتوون و بازاڕیان نییە، دوکاندارێک هۆکارەکەی بۆ باری دارایی و نزیکی مانگی رەمەزان گەڕاندەوە.
سەلمان محەمەد فرۆشیاری قوماشی ژنان بە 964ـی وت، بازاڕی جلی کوردی ژنان زۆر خراپە و رۆژ هەیە یەک پارچە دەفرۆشن، کە لە ساڵانی رابردوودا بەو شێوەیە نەبووە.
باسی لەوەکرد، ساڵانی رابردوو لەم کاتەدا گوزەرەکەیان لەبەر ژنان بەرنەدەکەوت، لە مانگی یەکەوە دەستدەکرا بە کڕینی جلی کوردی هەتا نەورۆز.
دەشڵێت، دۆخی دارایی هاوڵاتیان و مانگی رەمەزان بە تەواوی بازاڕی فرۆشتنی جلی کوردیان لاواز کردووە، زۆر کەم ژنان سەردانیان دەکەن.
ئیسماعیل قادر فرۆشیارێکی دیکەیە بە 964ـی وت، نزیکەی 40 ساڵە لەو بازاڕەدا کاری فرۆشتنی قوماشی جلی کوردی ژنان دەکات، بێ بازاڕی لەو شێوەیەی نەبینیوە.
ئەو فرۆشیارە ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانی رابردوو قەیرانی دارایی هەبووە، بەڵام ئەمساڵ مانگی رەمەزانیش بازاڕی کەمکردوون.
نەورۆزی ئەمساڵ دەکەوێتە ناوەڕاستی مانگی رەمەزانەوە و دوکاندارەکان ئاماژەی پێدەکەن ئەوە هۆکارێکە بۆ ئەوەی بازاڕیان رووی لە کزی کردووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی