سبه‌ی ده‌وامه
مامۆستایانی هه‌ڵه‌بجه بایكۆتیان شكاند
964+
محه‌مه‌د عومه‌ر – هه‌ڵه‌بجه
بڕیاره سبه‌ی سێشه‌ممه له هه‌ڵه‌بجه ده‌وامی قوتابخانه‌كان ده‌ستپێبكاته‌وه و مامۆستایانی ناڕازی بایكۆتیان شكاند، به‌ڵام چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كان ده‌كه‌ن.
ئه‌مشه‌و “دووشه‌ممه 19.2.2024” مامۆستایانی ناڕازی له هه‌ڵه‌بجه بایكۆتیان شكاند و له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایانگه‌یاند، سبه‌ی ده‌ست به ده‌وام ده‌كه‌نه‌وه و مامۆستایانیش سه‌رپشكن.
فه‌رهاد قادر، چالاكوانی مه‌ده‌نی و مامۆستا، به 964ی وت، چاودێریی بارودۆخه‌كه ده‌كه‌ن و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی پێیاندراوه له دوای هه‌مواری یاسای بودجه‌ی عێراق، جێبه‌جێ نه‌كرێت، ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر شه‌قام و بایكۆت ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه.
له سه‌ره‌تای وه‌رزی ئه‌مساڵی خوێندن له مانگی ئه‌یلولی 2023، مامۆستایان و وانه‌بێژانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه و ئیداره سه‌ربه‌خۆیه‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین، بایكۆتی ناوه‌نده‌كانی خوێندنیان كرد، به‌ڵام بایكۆته‌كه له زۆربه‌ی شوێنه‌كان شكاوه و خوێندن ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده هێشتا هه‌ندێك مامۆستا ناڕازین و ده‌وام ناكه‌ن.
مامۆستایانی ناڕازی، داوای موچه له كاتی خۆی و دامه‌زراندنی وانه‌بێژان و پله‌به‌رزكردنه‌وه ده‌كه‌ن.
داڕشتنه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا