زیاترە لە دوو ملیار دینار
964 دوایین ئاماری زیانەکانی لافاوەکەی گەرمیان بڵاودەکاتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای ئەو شەپولە بەھێزەی باران بارین کە لە ئێوارەی پێنجشەممە 15.2.2024، رووی لە گەرمیان کرد زیانێکی زۆر بەر ھاوڵاتیان کەوت، زیانەکانیش بە دوو ملیار و 223 ملیۆن و 960 ھەزار دینار دەخەمڵێندرێت.
بەهۆی لافاوەکە جگە لە زیانی مادی ھیچ زیانێکی گیانی لە گەرمیان نەبوو.
بێستون ژاڵەیی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی گەرمیان بە 964ـی وت، “زۆرترین زیان بەر ماڵەکانی قەزای کەلار کەوتووە کە 155 ماڵن، لە قەزای کفری 26 ماڵ ، لە ناحیەی رزگاری 28 ماڵ و لە ناحیەی سەرقەڵاش 11 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە”
بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی گەرمیان، زیانەکانی پەنگخواردنەوەی ئاو، لە گەرمیان بەم شێوەیە بووە، 220 ماڵ زیانیان بەرکەوتوە و ئاو رۆیشتووەتە ماڵیان، 156 سەر ئاژەڵ لەناوچوون، 21 ئۆتۆمبێل، 10 ئاوبارەی شەقامەکان ، تێکچونی بەشێک لە شەقام و و شۆستەی رێگاکانی ناوشار و دەرەوەی شاری قەزا و ناحیەکانی گەرمیان، 4 پرۆژەی ئاودێری، کەوتنی 17 ستونی کارەبا و 11 گۆڕەری کارەبا و ھەروەھا 15 سووربری کارەبا، زیانیان پێگەیشتووە.
ژاڵەیی ئەوەشی وت،”ئەم ئامارانە 90% زیانەکانی گەرمیانن و پێدەچێت ئاماری کۆتایی بن یان چەند ژمارەیەکی کەم زیاد بکات، کۆی زیانەکانیش کە خەمڵاندنمان بۆی کردوە، دوو ملیار و223 ملیۆن و 960 ھەزار دینارە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی