لە گوندێکی ناحیەی سەرکەپکان

بۆ دروستکردنی رێگایەک لێکۆڵینەوە لە بڕینەوەی 40 دار دەکرێت

964+

پێشەوا محەمەد

هاوڵاتییەکی گوندی قەڵاسەیدە لە ناحیەی سەرکەپکان ویستوویەتی رێگایەکی 120 مەتری بۆ ناو باخەکانی رابکێشێت، بەڵام 40 دار بەر رێگاکە دەکەون و هانای بۆ فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین بردووە بۆی چارەسەر بکەن.

بە وتەی محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین، کە قسەی بۆ 964 کردووە، ئەوان هیچ کات رەزامەندی لەسەر بڕینەوەی دار دەرنابڕن، بەڵام کاروبارە یاساییەکان دەکەن.

بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک سەردانی گوندەکەی کردووە و شوێنەکەیان بینیوە و دەرکەوتووە ئەو 40 دارە بەردارن و ئەو کەسە دەیەوێت ئەگەر فەرمانگەکە رازی بێت بیانبڕێتەوە.

محەمەد کەریم وتی، “نووسراومان کردووە بۆ ناحیە ئاخۆ بزانین خاوەندارێتی شوێنی دارەکان بۆ ئەو کەسە دەگەڕێتەوە یان نا، ئەگەر خاوەندارێتییەکە هی خۆی بوو, ئێمە دۆسییەکەی دەنێرینە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ تا لەوێ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت”.

تا ئێستا ناحیەی سەرکەپکان وەڵامی فەرمانگەکەی نەداوەتەوە، ئاخۆ ئەو دارانە لە باخی ئەو کەسەدان و تاپۆیە یان نا.

“دارەکان هیچ دەستکارییەک نەکراون، ئەو کەسەی دەشیەوێت ئەو رێگایە دروست بکات دەڵێت، ئەگەر رەزامەند نەبن لە کۆتاییدا دارەکان دەهێڵێتەوە و هەندێ پێچ و لۆفە دروست دەکات و رێگاکە بەو شێوەیە دەباتە ناو باخەکانی”، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین وای وت.

فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین: دژایەتی داری کالیپتۆز دەکرێ...

فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین: دژایەتی داری کالیپتۆز دەکرێت