داوای هاوکاری لە 964 دەکەن
گوندێکی ئاکرێ ئەوەندەی نەماوە بکەوێتە ژێر زبڵ و خاشاک
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
گوندێکی ئاکرێ بەهۆی ئەوەی شارەوانی و کۆمپانیای تایبەت بە ژینگەپارێزی رووی تێناکات، زبڵ و خاشاکیان لە ناو گوندەکە کەوتووە و خەڵکەکەی گلەییان هەیە و دەڵێن داوا دەکەین شارەوانیی ئاکرێ چارەسەرێکیان بۆ بدۆزیتەوە.
گوندەکە ناوی گوندی “گوندک”ە و سەر بە قەزای ئاکرێیە و نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاکە دوورە، خەڵکەکەی هەواریان لێ هەلساوە و دەڵێن داوا دەکەین شارەوانیی زبڵ و خاشاکیان کۆبکاتەوە.
رەمەزان ئيسماعيل، هاوڵاتییەکی گوندەکەیە و داوا لە 964 دەکات دەنگیان بگەیەنن بە لایەنی پەیوەندیدار و دەڵێت، تا ئیستا هیچ جارێک شارەوانیی ئاکرێ نەهاتووە بۆ گوندەکەمان و کۆمپانیای کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک نەهاتووە بۆ لای ئێمە و خاشاکی گوندەکە کەڵەکە بووە و بۆنێکی ناخۆشی خستووەتە ناوچەکە.
وتیشی: “داواکارین لە رێگای دەزگاکەتانەوە شارەوانی بێتە سەرهێل و چارەسەری کیشەکە بکات”.
964بەدواداچوونی بابەتەکەی کرد و لەگەل لایەنی پەیوەندیدار قسەی کرد.
بڵند رەزا زوبێر، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ بە 964ی وت، گوندی گوندک نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای ئاکری دوورە و لە سنووری شارەوانی ئاکرێدا نییە و کۆمپانیای ژینگەپارێزیش ناتوانێت بچێتە گوندەکە، چونکە لە گرێبەستەکەدا ئاماژەی پێنەکراوە، ئێستاش هیچمان لە دەست نایەت بۆ گوندەکەی بکەین، بەڵام کەی توانیمان لەگەڵ کۆمپانیا رێکبکەوین و سنووری شارەوانی گوندی زیاتری بۆ زیاد بکەین، ئەوکات چارەسەری کێشەکانی ئەو گوندەش دەکەین”.
وتیشی، ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیای MRFبۆ ماوەی سێ ساڵ واژۆ کردووە و تا ئیستا ساڵێک و نیو رۆیشتووە، کەی تەواو بوو و ویستمان نوێ بکەینەوە، ئەوکات لەوانەیە سنووری شارەوانی و کۆمپانیا بەرفراوان بکەین و گوندی زیاتر بخەین بە ناو سنووری شارەوانی و کۆمپانیا و بتوانێت سەردانی گوندەکان بکات و کێشەکە چارەسەر بکرێت.
گوندی گوندک دەکەوێتە قەزای ئاکرێ و 200 ماڵی تێدایە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا