دانیشتووانی گەڕەکێکی بێزار کردووە
خۆڵ و خاشاک تەنگی بە گۆڕستانی سەیوان هەڵچنیوە
+964
دیلان محەمەد جەزا
کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک هاواری لە دانیشتووانی گەڕەکی خەبات هەڵساندووە و هاوڵاتیان بێ گوێدانە سیمای ناو شار خۆڵەکانیان لە تەنیشت گۆڕستانی سەیوان فڕێ دەدەن.
عەلی محەمەد، دانیشتووی گەڕەکی خەبات بە 964ـی وت، چەند ساڵێکە هەر کەسێک لەلای گۆڕستانی سەیوانەوە دەڕوات خۆڵەکەی لەو بۆشاییەدا فڕێ دەدات و سیمایەکی ناشیرین دەبەخشێتە ناوچەکە.
باسی لەوەش کرد، بەهۆی بۆنی ناخۆشی زبڵ و خۆڵەوە گوزەرانیان لێ تێکچووە، سەگێکی زۆریش لەو جێگەیەدا کۆدەبنەوە، ناتوانن بە پێ بەو رێگایەدا بڕۆن.
لە تەنیشت گۆڕستانی گردی سەیوانی یەک، زەوییەکی بەتاڵی بەرفراوان هەیە، چەند حاویەیەکی خۆڵ دانراون، هاوڵاتیان بێ گوێدانە پاک و خاوێنی خۆڵەکانیان لە دەرەوەی حاویەکان فڕێدەدەن.
تیمی کۆمپانیایەکی تایبەت بە پاککردنەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی خۆڵەکە بوون، سەرپەرشتیاری کرێکارەکان بە 964ـی وت، رۆژانە لە کاتژمێر حەوتی بەیانی تا کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ، نزیکەی 10 حاویەی پڕ لە خۆڵ فڕێدەدەن، کە نزی 35 تۆن خۆڵ و خاشاک دەکات، بۆ رۆژی دواتر هەروەک خۆی لێدێتەوە.
لەسەر ئەم بابەتە زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو جێگایەی تەنیشت گۆڕستانەکە سیمایەکی ناشیرینی بەو ناوچەیە بەخشیوە و هیچ پڕۆژەیەک لە ئارادا نییە بۆ ئەو زەوییە.
باسی لەوەش کرد، پێویستە هاوڵاتیان هاوکاربن بۆ نەهێشتنی ئەو دیمەنە ناشیرینە، حاویەی خۆڵ دانراوە لە دەرەوەی حاوییەکە هاوڵاتی پاشماوەکانی فڕێدەدات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی