قشڵەی کۆیە.. لەقاوەخانەیەکەوە بۆ روگەی گەشتیاران

میدیازان – كارزان جرجیس – كۆیە

قاوەخانەی کلتووری قشڵەی کۆیە، لە کردنەوەی شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندان و نووسەران و رۆشنبیران، دەبێتە رووگەی مێژوویی و کلتووری شارەکە.


لەناو قشڵەی كۆیە قاوەخانەیەكی كلتوری بەڕووی هاووڵاتیانی شارەكە و گەشتیاراندا كراوەتەوە، خاسیەتێكی ئەو قاوەخانەیە ئەوەیە گرنگی تەواوی داوە بە پاراستنی كلتوری كورد.


یادگار حەمەدەمین، سەرپەرشتیاری قاوەخانەی كلتوری قشڵەی كۆیە دەڵێ، چەند ساڵێك پێش ئێستا بیرۆكەی دامەزراندنی قاوەخانەیەكی كلتوریی لە شارۆچكەی كۆیە لەلای گەڵاڵە ببوو، دوای “پێشکەشکردنی داواکاری لە ٢٠١٦ بۆ فەرمانگەی شوێنەواری كۆیە، بەسوپاسەوە هۆڵێكیان لەناو قشڵەی كۆیە بۆ تەرخان كردین”.

قاوەخانەکە، تا دێ فراوانتر دەبێ، جگەلە كتێبخانە، ئێستا بەشێکی بەناوی مۆزەخانەی کۆیە لێ کراوەتەوە کە تایبەتە بەكەسایەتییە ناسراوەكانی كۆیە.


بەقسەی یادگار حەمەدەمین، قاوەخانەکە بووەتە رووگەی هەموو ئەو گەشتیارانەی لە ناوچە جیاجیاکانی كوردستان، هەروەها لە ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی كۆیە دەكەن.

قاوەخانەکە، بۆ خەڵکی کۆیەش بووەتە ژوانگەیەک، وەک سەرپەرشتیاری قاوەخانەكەدەڵێ، شەوانی رەمەزان و شەوانی زستانیش، دانیشتوانی خانەخۆی کۆیەش لێرە كۆدەبنەوە، زۆرجاریش کاتەکانیان بەیارییە كلتوریی و فۆلكۆرییەکان بەسەر دەبەن.