نزیکەی مانگێک بەر لە ئێستا 964 زانیاری بڵاوکردەوە

لە پشدەر و بتوێن 30 کەس بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی بیری داعش دەستگیر کران

964+

ژووری هەواڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی 30 کەسی بەتۆمەتی تیرۆر لە پشدەر و بتوێن راگەیاند و ئاسایش دەڵێت، “لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەوی داعشیان بڵاودەکردەوە”.

کەمێک بەر لە ئێستا، دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی دوو گروپی لە دەڤەری پشدەر و بتوێن راگەیاند کە لە 30 کەس پێکهاتوون  ئاسایش دەڵێت، “لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەویان وەرگرتووە و پیلانیان هەبووە بچنە ریزەکانی داعش و ببنە چەکداری ئەو گرووپە تیرۆریستییە”.

عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم زانیارییەکانی بۆ 964 پشتراستکردەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئاسایش، ئەو دوو گروپە بۆ ماوەی 20 رۆژ خراونەتە ژێر چاودێری بەردەوام و لە رێکەوتی 15.12.2023، توانراوە 10 کەس لە ئەندامانی گروپەکان کە دووانیان ژنن لە قەڵادزێ دەستگیر بکەن.

دوای دوو رۆژی دیکە لە رێکەوتی 17.12.2023، هێزەکانی ئاسایش 20 کەسیی دیکەیان لە رانیە، قەڵادزێ، ژاراوە، حاجی ئاوا و شکارتە دەستگیر کردووە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت: بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ئەم گروپەی تیرۆریستیەی داعش لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ بڵاوکردنەوەی فکری توندڕەوی داعش کردوە چەندین جار پیلانیان داناوە هیجرەت بکەن بەڵام بە بڕیاری داعش کە پەیوەندی راستەوخۆیان هەبووە لەگەڵیان لەناو شارەکان هێڵراونەتەوە تا بەنهێنی بانگەشە بۆ داعش بکەن و گروپەکانیان بەرفراوانتر بکەن.

بە تۆمەتى تیرۆر ژمارەیەک هاوڵاتی لە سنورى رانیە و قەڵا...

بە تۆمەتى تیرۆر ژمارەیەک هاوڵاتی لە سنورى رانیە و قەڵادزێ دەستگیرکراون

لە رێکەوتی 25.1.2024، تۆڕی 964 بۆ یەکەمجار بڵاویکردەوە کە لە ماوەى دوو هەفتەدا ژمارەیەک هاوڵاتى لە سنورى ئیدارەى راپەڕین دەستگیرکراون، ئەو کات کەسوکارەکانیان دەیانوت: نازانین بۆ دەستگیرکراون و لە کوێ زیندانین، هەر ئەو کاتە ئاسایشى هەرێم بە 964ى وتبوو، “ئەو کەسانە بە تۆمەتى تیرۆر دەستگیرکراون”.

یەکێک لە کەسوکارى دەستگیرکراوان کە دوو کەسیان لەناو دەستگیرکراواندان بە 964ى وتبوو، “زۆر هەوڵمانداوە هۆکارى دەستگیرکردنیان بزانین، پەیوەندیمان بە هەموو لایەکەوە کردووە، بەڵام هەریەکە و قسەیەک دەکات، یەکێک دەڵێ لە ئاسایش دەستگیرکراون لە سلێمانى و یەکێکى تر دەڵێت لە زیندانى کانى گۆمەن، هەریەکە و قسەیەک دەکات و ئێمەش هیچ نازانین”.

لێرە دەتوانن بە ڤیدیۆ بینەری ئۆپەراسیۆنەکەبن: