چەند جیلێکیان پەروەردە کردووە

لە پێشەنگایەکدا وێنە و ژیانی مامۆستایانی ساڵانی هەشتاکانی خورماتوو نمایشکرا

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

بۆ یەکەمین جار لەعێراقدا پێشانگایەکی فۆتۆگرافی و ژیاننامەی 190 مامۆستا و بەڕێوەبەرانی ساڵانی هەشتا و نەوەدەکانی دوزخورماتوو کرایەوە.

پێشانگاکە تایبەت بوو بە دانانی وێنە و ژیاننامەی ئەو مامۆستا و بەڕێوبەرانەی کە زیاتر لە 25 ساڵ لەمەو پێش وانەیان بە قوتابیان و خوێندکارانی قەزاکە وتوەتەوە و زۆربەی ئەو قوتابیانەی کە پەروەردەی ئەو مامۆستایانە بوون، ئێستا بەشێکیان بوون بەمامۆستا و پزیشک و ئەفسەر و رۆژنامەنووس.

بەشێک لەو مامۆستایانە پێشەنگاکەیان بۆ کراوەتەوە خانەنشین کراون و بەشێکیانیش لەژیاندا نەماون.

یەشار عەبدول واحید بیرەقدار سەرپەرشتیاری پێشانگاکە بە 964ـی وت، ئامانج لەکردنەوەی پێشانگاکە وەک رێز و وەفایەکە بۆ ماندویەتی 190مامۆستای دێرینی ساڵانی هەشتا و نەوەدەکان کە بوون بە سیمبولی پەروەردەی قەزاکە.

وتیشی، ئەو مامۆستانەی کە لەژیاندا ماون دڵ خۆشن بەو کارە و ئەو قوتابیانەشی کە ساڵانێک ئەو مامۆستایانە وانەیان پێ وتوون ئێستا هەریەکەیان پسپۆرییەکی تایبەتیان هەیە.

پێشانگاکە بەردەوام کراوەیە و خەڵکی دەتوانن بەیانیان و ئێواران سەردانی بکەن بۆ بینین و خوێندنەوەی ژیاننامەی ئەو مامۆستایانە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی