هەلاجە تاقانەکەی کفری

هەلاجی پیشەیەک لە لێواری لەنێوچووندا 

میدیازان – هونەر فارس – کفری

رۆژانە بە شەنەکەی دەستی و گوێنییە پڕ لە خورییەکەیەوە بۆ دووکانەکەی بەڕێدەکەوێت، هەر کە گەیشتە دووکان، یەکەم ئیشی ئەوەیە لە رادیۆکەیدا بۆ گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان دەگەڕێت، دەڵێت رادیۆکەم نەبێت ئیشم بۆ ناکرێت. 

مام سەلیم، هەلاجێکی شاری کفرییە و ماوەی 24 ساڵە دەستبەرداری پیشەکەی نەبووە، بەڵام ترسی ئەوەیە بە نەمانی خۆی پیشەکەی لە شاری کفریدا بسرێتەوە، چونکە ئێستا تاکە هەلاجە لەو شارەدا.

جار بەجار بە نەمانی دەنگی گۆرانی رادیۆکەی، لەبەر خۆیەوە مەقامی رەسەنی گەرمیانی دەڵێتەوە تا ماندوێتی کارەکەی بیر ببەنەوە.

سەلیم عەلی دوای ئەوەی خورییەکان بە مەکینە دەهاڕێت و شییان دەکاتەوە.. لەباو، کڵاو، کەچە و فەرەنجی-یان لێ دروستدەکات.

سەرەتای دەستپێکردنی پیشەی هەلاجی سەلیم عەلی بۆ ساڵی 1998 دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات لای جەبار ئاغای خاڵیی دەست بەم کارە دەکات و تا ئێستا وازی لێنەهێناوە.

ئێستا مام سەلیم تاکە کەسە کە لە شاری کفری کاری هەلاجی دەکات، لە ساڵی 1950ەوە پیشەی هەلاجی لە کفری هەبووە و نزیکەی 12 هەلاج هەبوون، کۆتا هەلاج جەبار ئاغا، خاڵی مام سەلیم بووە کە لە ساڵی 2018 بەهۆی خراپی رەوشی تەندروستی وازی هێناوە.

ئەو هەرچەند نایەوێت لەدوای خۆیشی پیشەکەی لەناو بچێت، بەڵام وشکەساڵی و کەم بارانی و کەمبوونەوەی ئاژەڵداری بە بەشێك لە هۆکارەکانی کاڵبوونەوەی پیشەکەی دەزانێت، بەشێکیشی بۆ هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی و فەرامۆشکردنی بەرهەمی ناوخۆ دەگەڕێنێتەوە.

مام سەلیم لە ئێستادا لە نێو بینایەکی کۆندا، لە قەیسەرییە رووخاوەکەی کفری درێژە بە کارەکەی دەدات، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، لە ئێستادا دووکانەکەی مەترسی داڕووخانی لەسەرە، هەرچەند لەپێشتردا وەزیری کشتوکاڵ بەڵێنیداوە شوێنێکی بۆ تەرخان بکات. دەڵێت، بە رووخانی ئەم جێگەیەش مەگەر منیش واز لە پیشەکەم بهێنم.

داهاتی رۆژانەی مام سەلیم بەندە بە خواست و داواکردنی خەڵک؛ مام سەلیم لەباو و فەرەنجی بە 25 هەزار دینار دروست دەکات، کورتانیش بە هەمان نرخە، بەڵام بەهۆی هاوردەکردنی لە دەرەوە دروستکردنی کورتان زۆر کەم بووە.