لەلوتکەی هەیبەسوڵتانەوە سڵاو
خاوەن پێداویستیانی تایبەت گەیشتنە ئەم لوتکەیەش
میدیازان – كارزان جرجیس – كۆیە
خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەڵام کەمئەندامییەکەیان رێگر نەبوو، لەسەر عارەبانە و بە دارشەقەکانیان گەشتێکی شاخەوانییان ئەنجامدا و بەسەر چیای هەیبەت سوڵتاندا سەرکەوتن.
رۆژی هەینی رێکخراوی شاخەوانی باواجی و رێکخراوی مادێنا 38 خاوەن پێداویستی تایبەتیان لە سلێمانی، هەولێر، شەقڵاوە و کۆیەوە کۆکردەوە، گەشتێکی شاخەوانیان بۆ رێکخستن و چوونە سەر چیای هەیبەت سوڵتان.
دوای گەشتکردن بۆ چیای هەیبەت سوڵتان، چوونە قشڵەی كۆیە و لەوێ بە گۆرانی وتن کۆتاییان بە گەشتەکەیان هێنا.
شارا مستەفا، میدیاكار و چالاكوان لە رێكخراوی شاخەوانی مادێنا بە میدیازانی وت، “ئەو جۆرە چالاكیانە پەیوەندی هاوڕێیەتی و هەلی كار دروست دەكات و خۆشەویستی و تێكەڵاوبوونەوەیان لەناو كۆمەڵگا و تێكەڵاو بوونیان لەگەڵ یەكتریدا پتەو دەكات.”
“ئەو جۆرە چالاكیانە پەیوەندی هاوڕێیەتی و هەلی كار دروست دەكات و خۆشەویستی و تێكەڵاوبوونەوەیان لەناو كۆمەڵگا و تێكەڵاو بوونیان لەگەڵ یەكتریدا پتەو دەكات.”
شارا مستەفا
هەیبەت سوڵتان 1260 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری کۆیە و 3 کیلۆمەتر لە شاری کۆیە و 73 کیلۆمەتریش لە هەولێرەوە دوورە.
ئەمە یەکەم گەشتی لەم شێوەیەیان نییە، پێشتریش بەزۆر چیای تردا هەڵگەڕاون.
قهڵای کۆیه، كە به قشڵهی کۆیه و سهرا ناسراوه، یهکێکه له شوێنەوارە مێژووییهکانی شاری کۆیه، بە قشڵ و بەرد دروستکراوە، 23 ژووری هەیە، پانی دیوارەکانی 120 سانتیمەترە.
ئەڤین سابیر، خاوەن پێداویستی تایبەت كە لە سلێمانییەوە بەشداری گەشتی شاخەوانییەكەی بۆ چیای هەیبەت سوڵتان كردبوو بە میدیازانی وت، “ئەو جۆرە گەشت و چالاکیانە بۆ دەروونمان زۆر پێویستە، رەنگە بە جەستە ماندووبین، بەڵام هەست بە ئارامییەكی زۆری دەروونی دەكەین”.
یەکێکی دیکە لەو خاوەنپێداویستیە تایبەتانەی بەشداری گەشتەکەی کردبوو، ئاوارە محەممەدە، ئەو دەڵێت، “ماوەی 3 ساڵە بەشداری گەشتی شاخەوانی دەكات.”