بە چی؟

لە گوندێکی خەلیفان 40 سەر بزن مردار بوونەوە

ئاکام غەفور – خەلیفان

ئەمڕۆ لە گوندی کەڵەکینی سنووری قەزای خەلیفان 40 سەربزنی ئاژەڵدارێک لە ناو ئاو قوڕ و لیتە مرداربوونەوە.

رووداوەکە بەم جۆرە بووە، لە نزیک رێگای سەرەکیی سپیلک، قەسیسەیەک هەبووە پێشتر ئاژەڵداران ئاژەڵەکانیان بەناودا بردووە، بەڵام لەگەڵ هاتنی بارانی ئەمساڵ ئەو قەسیسەیە بەکار نەهاتووە، ئەمڕۆ ئەو ئاژەڵدارە ویستویەتی بەناو ئەو قەسیسەیەدا ئاژەڵەکانی بپەڕێنێتەوە، بەڵام لە کۆتایی قەسیسەکەدا ئاو و قوڕ هەبووە و ئاژەڵەکان کەوتوون بەسەر یەکتردا و 40 سەربزن مردار بوونەتەوە، کە بەشی زۆریان کاتی زاوزێیان بووە.

مام عەبدوڵا کانی کۆڵکی، خاوەنی ئاژەڵەکان بە 964ـی وت، “نزیکەی 40 سەربزنم مرداربوونەتەوە بەهۆی ئەوەی لەو قەسیسەیەدا ئاو و قوڕ و لیتە هەبووە تا ئاژەڵەکان نەگەیشتن بە کۆتایی رێگاکە، نەمزانی ئاوی تێدایە، ئەو کاتیش بەهۆی گیرخواردنیان لە قوڕ و کەوتنیان بەسەر یەکتردا زۆربەیان مردار بوونەوە”.

قەسیسە، رێگەیەکە بە بۆریی چیمەنتۆ دروستدەکرێت و زۆر جار ئاژەڵدارەکان بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانیان بەسەر شەقامدا نەبەن، بەناو ئەو بۆریانەدا دەیانپەڕێننەوە.

وتیشی، ئاژەڵەکان بەشی زۆریان ئاوس بوون و کاتی زاوزێیان بوو، کە بەرامبەر هەر سەربزنێک دەتوانم بلێم دوو دانە مرداربوونەتەوە.

گوندی کەڵەکین دەکەوێتە سنووری قەزای خەلیفان، لەسەر رێگای سپیلک، بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکە بە ئاژەڵدارییەوە خەریکن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

بەهۆی داڕمانی شاخێک  42 سەر ئاژەڵ مرداربوونەوە

بەهۆی داڕمانی شاخێک 42 سەر ئاژەڵ مرداربوونەوە