30 دار زیانی بەرکەوتووە

شارەوانی کۆیە مەرجی هەیە بۆ چاککردنەوەی ئەو کەپرانەی رەشەبا تێکیداون

964+

بەرزان عوسمان – دوکان

لە دوێنێوە رەشەبایەکی بەهێز چەند شارێکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە کۆیە زیانی بە کەپری چەندین دوکان گەیاندووە و چەندین داریشی شکاندووە، شارەوانیش دەڵێت، بۆ چاککردنەوەی کەپرەکان دەبێت بە ئاگاداری ئەوان بکرێت.

محەمەد میرحاج، سەرۆکی شارەوانی کۆیە به 964ـى وت، “بەهۆی رەشەباوە چەندین دوکان زیانیان بەرکەوتووە، بۆ چاککردنەوەی پێویستە خاوەنی ئەو دوکانانە سەردانی شارەوانی بکەن، ئەمەش لەبەرئەوەیە شارەوانی جۆری ئەو کەپرە دیاری دەکات”.

سەرۆکی شارەوانی کۆیە دەڵێت: رێگە بە هیچ دوکانێک نادرێت بەبێ ئاگاداری شارەوانی کەپری دوکانەکەی چاک بکاتەوە، خاوەنی ئەو دوکانانە بە دوو شێوە دەتوانن کەپرەکان دروست بکەنەوە، کەپری جوڵاو و جێگیر هەیە، نابێت لەکاتی دانانەوەی کەپرەکان زێدەڕۆیی بکەنە سەر شۆستە.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو دوکانانەی زیانیان بەرکەوتووە، محەمەد میرحاج وتی، تیمەکانی شارەوانی دەگەڕێن بۆ ئەوەی بزانن چەند دوکان زیانی بەرکەوتووە، بەڵام رەشەبا زیانی بە 30 داری کالیبتۆز گەیاندووە کە تەمەنی هەندێکیان 50 ساڵ دەبێت.

964 زانیویەتی ماوەیەکە سەرۆکایەتی شارەوانی کۆیە، خەریکی رێکخستنەوەی کاروباری دروستکردنی کەپری دوکانەکانی ناو شاری کۆیەیە، بۆ ئەوەی کەپرەکان بە جەمەلۆن دروست نەکرێن، بەڵکو  بەپێی رێنمایەکانی شارەوانی کۆیە بێت و جۆر و قەبارەی دیاری کراو بێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

رەشەباکەی دوێنێ شەو دەیان داری دەوروبەری قەڵای شکاند

رەشەباکەی دوێنێ شەو دەیان داری دەوروبەری قەڵای شکاند