پۆلیسى کەرکوک سێ تۆمەتبارى بە مادەى تیرۆر دەستگیرکردووە
کەرکوک
سێ داواکراو بە مادەى 4ـى تیرۆر دەستگیر کران
964+
وریا فەتاح
فەرماندەیى پۆلیسى کەرکوک، دەستگیرکردنى سێ داواکراوى راگەیاند، کە بە تاوانى ترساندن و هەڕەشەکردن لە هاوڵاتیان و بەپێى مادەى 4ـى تیرۆر داواکرابوون.
بەپێى راگەیەندراوەکەى پۆلیسى کەرکوک، زانیارى دروستیان لەسەر سێ داواکراوەکە کۆکردووەتەوە، کە لە شێوەی باندێک تەقەیان لە ماڵان کردووە و هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە.
باس لەوەش کراوە، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک و ئاسایشی کەرکوک و هێزەکانى سوات، بە بڕیارى دادوەر سێ کەسەکەیان دەستگیرکردووە.
هەرسێ تۆمەتبار بە پێى مادەى 4ـى تیرۆر لە خانوویەکى چۆڵدا دەستگیرکراون و دەستیش گیراوە بەسەر دوو دەمانچە و ماتۆڕسکیلێک، کە لەو رێگەیەوە هاوڵاتیانیان ترساندبوو، هەڕەشەیان لێکردبوون و سەرجەم کردەکانیشیان لە سەنتەرى پارێزگاى کەرکوکدا ئەنجام دابوو.