گۆڕستانى (دوین)یان شێواندووه‌

له‌ هه‌ولێر سێ كه‌س له‌سه‌ر دزین و ده‌ستكاریكردنى شوێنه‌وار ده‌ستگیر كران

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

شوێنه‌وارى هه‌رێم ده‌ڵێت، سێ كه‌سیان له‌سه‌ر دزین و شێواندنى شوێنه‌وار له‌ سنوورى هه‌ولێر ده‌ستگیركردووه‌ و ئه‌و شوێنه‌واره‌شیان ته‌لبه‌ند كرد، كه‌ شێواندبوویان.

شوێنه‌واره‌كه‌ ناوى گۆڕستانی (دوین)ه‌ دوورترین مێژووه‌كه‌ى بۆ سه‌رده‌مى هاتنی ئیسلام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ سنوورى قه‌زاى پیرمام.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى شوێنه‌وارى هه‌رێم، هه‌واڵى ئه‌وه‌ى زانی گۆڕستانه‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكى نادیاره‌وه‌ شێوێندراوه‌ و هه‌وڵى دزینیش له‌و گۆڕستانه‌ دراوه‌، كه‌ چوون بینیان به‌شێكی كێله‌كانى ئه‌م گۆڕستانه‌ شكێندراون و هه‌ندێك له‌ گۆڕه‌كان هه‌ڵدراوه‌نه‌ته‌وه‌.

كه‌یفى مسته‌فا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوورى هه‌رێم به‌ 964ـى وت، دواى سه‌ردانیان بۆ ئه‌و گۆڕستانه‌، توانیان سێ كه‌س ده‌ستگیر بكه‌ن به‌ تۆمه‌تى دزینى شوێنه‌راو له‌ناو ئه‌و گۆڕستانه‌ و شێواندنى گۆڕه‌كان.

وتیشی “ژماره‌یه‌ك گۆڕ هه‌ڵكه‌ندراون و هه‌وڵى دۆزینه‌وه‌ى شوێنه‌وار له‌ناویاندا دراوه‌، به‌شێكی كێلى گۆڕه‌كانیش شكێندرابوون”.

باس له‌وه‌ ده‌كات زۆربه‌ى كێله‌كانى ئه‌م گۆڕستانه‌ به‌ وێنه‌ى جیاجیا نه‌خشێندراون.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ 964 له‌ شوێنه‌وار و كه‌له‌پورى هه‌رێم وه‌ریگرتووه‌، له‌ هه‌رێمى كوردستاندا به ‌هه‌زاران شوێنه‌وار هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى به ‌فه‌رمی تۆماركراون بریتین له‌ پێنج هه‌زار و 800 شوێنه‌وار، كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى هه‌رێمی كوردستان.

به‌ قسه‌ى كه‌یفى مسته‌فا، مێژووى ئه‌و گۆڕستانه‌ بۆ دوو سه‌رده‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یه‌كه‌میان بۆ سه‌رده‌مى میر محه‌مه‌دى پاشاى سۆران، دووه‌میشیان كه‌ دوورترینه‌ بۆ سه‌رده‌مى هاتنی ئیسلام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌لایه‌ن  تیمه‌كانیانه‌وه‌ چوارده‌ورى ئه‌و گۆڕستانه‌یان ته‌لبه‌ند كردووه‌ و به‌شێك له‌و كێلانه‌شیان هێناوه‌ته‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان و برٍیاریان داوه‌ له‌ داهاتوودا هۆڵێكی تایبه‌ت به‌و شوێنه‌واره‌ دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى باشتر پارێزراو بن.

"كه‌لـله‌سه‌رى ئافره‌تێكی نیاندرتال ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ هه‌ولێر"