بڕیارەکان چین؟

بانکی ناوەندی لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێم بڕیاری دا

964+

پێشەوا محەمەد

بانکی ناوەندی سێ بڕیاری لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دا، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، تا کۆتایی مانگی سێش مۆڵەتیان پێدراوە مەرجەکانی بانکی ناوەندی جێبەجێ بکەن.

دوێنێ دووشەممە وەفدێکی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکانی هەرێم سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی بانکی ناوەندی کۆبوونەوە و بە پێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەم سێ بڕیارەی خوارەوە دراوە:

*تا 31.3.2024 کۆمپانیاکانی ئالوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان مافیان دەبیت رێکارەکانی دەمج تەواو بکەن و گشت مەرجەکانی بانکی ناوەندی جێبەجێ بکەن و بە پێچەوانەوە دوای ئەم رێکەوتە، مافی وەرگرتنی مۆڵەتیان نابێت لە لایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ مۆڵەتی پلە A-B.

*لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، مەرجی دانانی سەرمایەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار هەڵگیرا کە پێشتر وەک مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەت دەبوایە کۆمپانیاکان ئەم بڕە پارەیە لە بانکی ناوەندیی عێراق دابنێن، ئینجا مۆڵەتیان پێدەدرا.

*ئەو کۆمپانیایانەی تەواوی مەرجەکانی بانکی ناوەندییان تەواو کردووە لە چەند هەفتەی داهاتوودا مۆڵەتی بانکەکەیان پێدەدرێت.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، هەر کۆمپانیایەک دەبوو دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ پلەی A و ملیارێک و 500 ملیۆن دیناریش لە بانکی ناوەندی دابنێت بۆ پلەی B تا بانکەکە لەو پلانەدا مۆڵەتیان پێ بدات.

وتیشی، “کۆمپانیاکان ئەو پارەیان پێ زۆر بوو، کاریان بە سیستمی یەکگرتن (دمج) کرد پێنج کۆمپانیا و 10 کۆمپانیا کاروباری دەمجیان کرد و بەیەکەوە ئەو پارەیەیان لە بانکی ناوەندی دادەنا بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و پلەکانی B و A”.

بە بڕوای جەبار گۆران، ئەو بڕیارانەی بانکی ناوەندی کاروباری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لە بانکی ناوەندی و دواتر سوودمەندبوون لە بانکی ناوەندی ئاسانتر دەکات.

"بانکی ناوەندی عێراق ناچارە دۆلار بە کەمترین بانک بدات"