دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌ولێر

فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر: فڕۆكه‌كه‌ی توركیا كێشه‌ی هه‌بووه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی نه‌نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی هێڵی ئاسمانیی توركیش ئێرلاین بڵاویكرده‌وه‌، نه‌نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكیی خۆیه‌وه‌ هه‌بووه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ فڕۆكه‌یه‌كی هێڵی (Turkish Airline) سه‌ره‌تا نه‌یتوانیوه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بنیشێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی راگه‌یاندراوی فڕۆكه‌خانه‌كه‌، دوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سیستمی (GPS)، كه‌ له‌ فڕۆكه‌كه‌دا هه‌بووه‌، دووباره‌ فڕۆكه‌كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌ولێر و به‌ سه‌لامه‌تی نیشتووه‌ته‌وه‌.

راگه‌یاندراوه‌كه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر به‌م جۆره‌یه‌:

دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی هه‌بوونی كێشه‌ له‌ سیستەمی (GPS)ی فڕۆكه‌خانه‌، كه‌ بووه‌ته‌ هۆی دروستبوونی كێشه‌ بۆ فڕۆكه‌یه‌كی هێلی ئاسمانی (Turkish Airline) له‌ كاتی نیشتنه‌وه‌ی دا، سه‌ره‌نجام فڕۆكه‌كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ وڵاتی توركیا، به‌ پێویستمان زانی ڕووونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆ ڕای گشتی بڵاو بكه‌ینه‌وه‌.
له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، سێ رێگای جیاواز و هه‌ماهه‌نگ و كارا و به‌رده‌سته‌ بۆ نیشتنه‌وه‌ی هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك، كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌:
١- سیسته‌می ILS
٢-سیسته‌می GPS
‏٣- Visual
به‌رده‌ستبوونی هه‌ر یه‌كه‌ له‌م ڕێگایانه‌ ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر داواكاری هێله‌ ئاسمانییه‌كان و خواستی كاپتنی فڕۆكه‌كان. به‌پێی ڕێسا و میكانیزمی گه‌شته‌كانی هێلی ئاسمانی (Turkish Airline)، پێویسته‌ هه‌ردوو سیسته‌می (ILS , GPS) به‌رده‌ست و كارا بن له كاتی نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانیان.
له‌كاتی هاتنی ئه‌م فڕۆكه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی هێلی ئاسمانی (Turkish Airline)، هه‌ردوو سیسته‌مه‌كه‌ به‌رده‌ست بووه‌، به‌ڵام كێشه‌ له‌ سیگناڵی سیسته‌می (GPS)ی فڕۆكه‌كه‌ هه‌بووه‌، بۆیه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ وڵاتی توركیا، دوای چه‌ند كاتژمێرێك كێشه‌ی سیسته‌می (GPS)ی فڕۆكه‌كه‌ چاره‌سه‌ركرا، دوباره‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و به‌بێ هه‌بوونی كێشه‌ له‌ نیشتنه‌وه‌ی دا گه‌شته‌كه‌ ئه‌نجام درا.
گه‌شتی سه‌رجه‌م فڕۆكه‌كانی ئه‌مڕۆی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، به‌ كه‌شێكی ئاسایی و كۆنتڕڵكراو و بێ كێشه‌ ئه‌نجام دراون. بۆیه‌ سه‌ر له‌به‌ری ئه‌م هه‌واڵه‌ ناڕاست و به‌لاڕێدا بردراوانه‌ ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌.

کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی ئەڵمانی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخان...

کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی ئەڵمانی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر راگرت