زۆرینەیان سەبەحبەحن

رەشەبا 10 داری لە سلێمانی شکاندووە

964+

پێشەوا محەمەد

رەشەبا لە سلێمانی 10 داری شکاندووە، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر وەرزی گەڵا و سەوزی بووایە زیانی زۆر زیاتر دەبوو.

ئەو دارانەی شکاون زۆرینەیان لە جۆری سەبەحبەحن، ئەو دارە بەهۆی گەشەی خێرایەوە ناسکە و لەبەردەم بادا زۆر بەهێز نییە و لقەکانی بە خێرایی دەشکێن.

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی وەرزی گەڵاکردن نییە ئەو رەشەبایە بە ئاسانی لەنێوان لقی دارەکان دەردەچێت و ناتوانێت فشاری زۆر بخاتە سەر دارەکان و ببێتە هۆی شکاندنیان.

وتیشی، “ئەوانەی شکاون نزیکەی 10 دارن و زۆرینەیان لە جۆری سەبەحبەحن کە ناسکن و بەرگەی هەموو کەشوهەوایەک ناگرن”.

ساڵی رابردوو نزیکەی 500 دار لەناو سلێمانیدا شکاون، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی زۆرینەی ئەو دارانە لە جۆری سەبەحبەح بوون.

“ئێمە گرنگی بە روواندنی داری تووی زڕی گەڵا پان، ناروەند، قەزوانی زینە، براکیتۆن، ئەلبیزیا، جۆرەکانی سنەوبەر، دەوەن، یاسی هۆڵەندی، فۆتۆنیا و ژاڵە دەدەین”، بەهرۆز سالار وای وت.

رێژەی سەوزایی سلێمانی بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکان 19%ـی تێپەڕاندووە. شارەکە خاوەنی 506 باخچە، 90 بلوار و حەوت پارکی گەورەیە.

باخچەکانی سلێمانی پلانی بەرهەمهێنانی 500 هەزار نەمام و ...

باخچەکانی سلێمانی پلانی بەرهەمهێنانی 500 هەزار نەمام و گوڵی هەیە