"پەلە کراوە"
بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی کۆیە لە شێوازی بەخاکسپاردنی 172 رووفاتەکە ناڕازییە
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە ناڕازییە لە چۆنیەتی وەرگرتنی پشکنینی خوێن و دەرچوونی دەرئەنجامی کۆتایی پشکنینی رووفاتی ئەو 172 ئەنفالکراوەی کە هەفتەی رابردوو بەخاکسپێردران، دەڵێت پەلە کراوە لە پرۆسەکەدا.
ئەمڕۆ سێشەممە 27.2.2024، بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە رایگەیاند، لەگەڵ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق کۆبوونەتەوە و پەیامێکی ناڕەزایەتییان پێداوە لە دژی “پەلەکردن لە رێورەسمی بەخاکسپاردن و نەگەڕانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سنوورەکە”.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، تا ئێستا هیچ نووسراوێکیان بەدەست نەگەیشتوە بۆ ئاگادارکردنەوەی وارسی شەهیدان و کارئاسانی بۆ کەسانی پەککەوتە و کەمدەرامەت.
“بەڵگەنامەکانی ناو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی کە ژمارەیەکی بەرچاوی ناسنامەی ئازیزانمانی تێدایە، شاردراوەتەوە”، بەڕێوەبەرایەتییەکە وا دەڵێت.
رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، 172 رووفات کە زۆرینەیان خەڵکی ئاغجەلەر و گوندی جەلەمۆردن لە قەزای چەمچەماڵ، لە سلێمانییەوە برانەوە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزاکە و بە خاک سپێردران.
ئەو 172 رووفاتە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە لە 2019ـەوە دۆزراونەتەوە و لە پزیشکی دادی بەغدا مابوونەوە.
ساڵی 2019 بەهۆی بای بەهێز و زریانەوە لە دەشتاییەکانی ناوچەی بابولشێخ سەر بە پارێزگای سەماوە، ئەم رووفاتانە دەرکەوتن، کە دەسەڵاتی بەعس کۆمەڵکوژی کردبوون، ژمارەیەک لە کەسوکاریان ئەوکات چوونە سەر گۆڕەکان و داوای هێنانەوەیان کردن.