بەفر ئاستەنگی دروست نەکردووە
رێگای ملەکەوە کرایەوە و هاتوچۆ ئاساییە
+964
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەیانی ئەمڕۆ رێگای ملەکەوە گیرا و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک وەستا بەڵام هۆکارەکەی بەفر نەبووە و تانکەرێک مقەستی کردووە و رێگاکەی گرتووە.
دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پێنجوێن تانکەرەکەی لەسەر رێگاکە لابردووە هاتوچۆ ئاسایی بووەتەوە.
ئەمیر سۆفی جەمال، بەڕێوەبەری بەشی چاککردن و پاراستنی رێگاوبان بە 964ی راگەیاند، تیمەکانیان لە کاتەکانی بەیانیی زوودا رێگایان پاککردوەتەوە و بەفریان لەسەر رێگاکە ماڵیوە و خوێیان پێدا رشتووە، لەبەر ئەوە رێگای شاخی ملەکەوە نەیبەستووە و بەفریش لەسەر رێگاکەدا نەبووە.
لە بارەی هۆکاری رێگاگیرانی ئەم بەیانییە، ئەمیر سۆفی جەمال رایگەیاند، هەموو هۆکارەکە تەنیا بەهۆی مقەستکردنی تانکەرێکەوە بووە و دوای ئەوەی تانکەرەکە لەسەر رێگاکە لابراوە و رێگاکە کراوەتەوە، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکانیش ئاسایی بووەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، شەوی 5.2.2024 رێگای شاخی ملەکەوە بەهۆی بەفربارینەوە داخرابوو، دوای نزیکەی دوو کاتژمێر تواندرا رێگاکە بکرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا