هاتوچۆی سلێمانی دەریکردووە

چەند رێنماییەک بۆ شۆفێری کردن لە کاتی بەفرباریندا

964+

توانا نەقی

هاتوچۆی سلێمانی بە چەند خاڵێک کۆمەڵێک رێنمایی بۆ شۆفێران بڵاووکردووەتەوە لەکاتی بەفربارین و لەناو بەفردا چۆن ئاگایان لە سەلامەتی خۆیان بێت.

هاتوچۆ دەڵێت، لە کەش و هەوای بەفرباریندا شۆفێری کردن بۆ دوو هێندە قورس دەبێت بۆیە لەسەر شۆفێر پێویستە کە بۆ سەلامەتی خۆت و کەسانی دەورووبەرت چەند رێنماییەک هەیە بە تەواوی جێبەجێ بکەیت.

ئەو رێنمایانەی هاتوچۆ بڵاویکردووەتەوە:

– کەم کردنەوەی خێرایی بۆ رادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئوتومبیلەکە هەبێت واتە لە ناو شارەکان خێرایی لە 30 بۆ 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک نابێت زیاتر بێت هەروەها بۆ دەرەوەی شارەکان لە 60 کیلۆمەتر یان کەمتر بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەکە خێرایی کەم و زیاد دەکەیت.

– پاراستنی ماوەی سەلامەتی لە نێوان ئوتومبێلەکەی خۆت و ئوتومبێلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە توانای وەستاندنەوەی ئوتومبێل لە بەفر باریندا کەم دەکات بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئوتومبێل.

– ئیشکردنی رووناککەرەوە(گڵۆپ)ی نزم و رووناککەرەوەی تەم گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە بارینی بەفر و بوونی تەم رێژەی بینین کەم دەکاتەوە.

– دڵنیابوون لەوەی کە ئوتومبێلەکەت کەم و کوڕی نییە و پێویستە بانزینی تەواو لە ئوتومبێلەکەتدا بێت بۆکاتی پێویست و قەرەباڵغی.

– بوونی بەتانییەک لە ناو ئوتومبیلەکەت بۆکاتی پێویست.

– نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناکاو ئیستۆپ بگرێت بەڵکو بەنەرمی و لەسەرخۆیی.

– سەردان نەکردنی ناوچە شاخاوییەکان بەهیچ شێوەیەک بەمەبەستی گەشت و بەسەربردنی کات.

– لەکاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو راستەوخۆ پەیوەندی بکرێت بەلایەنە پەیوەندیدارەکان.
هاتوچۆ 188
پۆلیسی فریاکەوتن 104
فریاگوزاری تەندروستی 122
بەرگری شارستانی 115