ئاگاداربن! ئەم هەفتەیە مەفرەزە لەسەر شەقامەکان زۆر دەبن

میدیازان – شانۆ کەمال – هەولێر 

چاوەڕێبن ئەم چەند رۆژە جموجۆڵی شەقام و شوێنە گشتییەکان دەگۆڕێن، لەزۆر شوێن مەفرەزەی هێزە ئەمنییەکان دادەنرێن و هەندێ لەشوێنە گشتییەکان دەگۆڕێن، هەموو ئەمانەش بۆ دۆزینەوەی چەکە.

لای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم دووشەممەیە ٢٤ی مانگ هەفتەی داماڵینی چەک دەست پێدەکات، لای خۆیشمان حکومەت ئەمەی بەدەرفەت زانیوە بۆ ئەوەی هەڵمەتێکی راماڵینی چەک رابگەیەنێت.

وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریداوە مەفرەزەی گەڕۆک لەشەقامە سەرەکی و لاوەکییەکان دابنێت و گەڕان و پشکنینی لەپڕ بۆ هەندێ ناوچە بکەن، هێمن میرانی، بەرێوبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئەمەی بۆ میدیازان پشتراست کردەوە.

میرانی وتی ‘هەڵمەتی قەدەغەکردنی چەک بە بەردەوامی هەیە، بەڵام ئەم هەفتەیە وەک پابەندیەکی نێودەوڵەتییە و دەمانەوێت بیری خەڵکی بخەینەوە ئەم بابەتە لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستان شتێکی جدیە’.

 نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٤ بۆ ٣٠ی تشرینی یەکەمی بە هەفتەی داماڵینی چەک ناساندووە، هەرچەندە سەرنجی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لەسەر چەکی بایۆلۆجی و ئەتۆمییە، بەڵام ئامانجە سەرەکییەکەی کەمکردنەوەی چەکە لەجیهان بەگشتی.

بەفەرمی لەهەرێمی کوردستان هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت قەدەغەیە، بەڵام بەم دواییە حکومەت رێوشوێنەکانی توندوتۆڵتر کردەوە بەتایبەتی پاش ئەوەی لە ٢٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ خوێندکارێکی زانکۆی سۆران دوو مامۆستای زانکۆ سەلەحەدینی کوشت.