دوای نزیکەی ساڵێک هەشت قەرەوێڵەیان زیادکرد
هەناوییەکەی هەولێر لە ٤٠ بۆ ٤٨
میدیازان – شۆڕش عەبدولستار – هەولێر
دوای نزیکەی ساڵێک لە داخستنی بە هۆکاری نۆژەنکردنەوە، ئەمڕۆ بەشی هەناوی نەخۆشخانەی فێرکاری هەولێر کرایەوە، ژمارەی قەرەوێڵەکانی لە ٤٠ بۆ ٤٨ زیادکراوە.
قاسم زێباری، بەڕێوەبەڕی کارگێڕی نەخۆشخانەی جمهوری (فێرکاری) بۆ میدیازانی باسکرد، “بەشە کۆنەکەی هەناوی تەواو بێکەڵک بوبوو، بۆیە دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی’.
میدیازان دەزانێت، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە نزیکەی ساڵێکی خایاندووە، لەو ماوەیەدا نەخۆشەکانی هەناوی بەسەر بەشەکانی دیکە دابەشکراون.
بەڕێوەبەڕی کارگێڕی نەخۆشخانەکە دەڵێت، نەخۆشەکانی هەناوی کە دابەشی بەشەکانی دیکە کرابوون، ئەمڕۆ دەگەڕێندرێنەوە شوێنی تایبەتی خۆیان.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پێش نۆژەنکردنەوە جێگای ٤٠ نەخۆش یان کەمتر هەبووە، “بەڵام ئێستا ٤٨ قەرەوێڵە هەیە بۆ ٤٨ نەخۆش”.