دزی‌ له‌ماڵی‌ خوا كردووه‌و شوێنه‌واری‌ جێنه‌هێشتووه‌

میدیازان – هونەر فارس – گەرمیان

مزگەوتی حاجی فەتاح لە کفری – میدیازان

لە دوای نوێژی بەیانی و چۆڵبوونی مزگەوتەکە، کەسێک بە کۆسەرەیەکەوە پەلاماری قاسەی مزگەوتی حاجی فەتاح دەدات له‌ كفری‌‌، دواتریش تۆماری کامێرای چاودێرییەکە دەبات و تا ئێستاش دەستگیر نەکراوە. ئەمە ڕووداوێکە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە شارۆچکەی کفری ڕووی داوە و پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە تیایدا.

بە پێی وتەی سەرچاوەکانی میدیازان، کەسێک لە گەڕەکی ئازادی فرسەتی لە چۆڵبوونی مزگەوتەکە هێناوە دوای نوێژی بەیانی، بە کۆسەرەیەکەوە ویستوویەتی قاسە ببڕێت، بەڵام تەنها بۆی کون کراوە و هەندێ پارەی بۆ دەرهاتووە، بەڵام دواتر تۆماری کامێرای چاودێریی مزگەوتەکەشی بردووە.

هەرچەندە هیچکام لە پۆلیس و مامۆستای مزگەوتەکە ئامادە نەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بۆ میدیازان بدەن، بەڵام بە پێی زانیارییەکان ئەو قاسەیە بۆ کۆکردنەوەی پارە داندراوە تا نهۆمی دووەمی مزگەوتەکەی پێ تەواو بکرێت.

زانیارییەکانی میدیازان پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە، تا ئێستا ئەو کەسەی دزییەکەی کردووە دەستگیر نەکراوە و پۆلیس لە لێکۆڵینەوەدایە.