گورگەکەی گۆیژە دەرکەوتەوە

وێنەی گورگەکان – Social Media

میدیازان – دیلان محەمەد جەزا  – سلێمانی

ئێوارەی دوێنێ دوو شەممە ژمارەیەک شاخەوان دووبارە یەکێک لەو گورگانەی شاخی گۆیژەیان بەرچاو کەوت کە دەوترا مەترسی بۆسەر ژیانی هاوڵاتییان هەیە.

هەرچەندە پارتی سەوزی کوردستان و پۆلیسی دارستانی سلێمانی لە هەوڵی گرتنی ئەو گورگەدا بوون، بەڵام تا ئێستا ئازادە.

هەفتەی ڕابردوو وێنەی چەند گورگێک بڵاوبۆوە کە لەگەڵ سەگە بێلانەکاندا لە شاخی گۆیژە دەژی، دوای ئەوە داوا لە هاوڵاتییان کرا سەردانی ئەو شاخە نەکەن چونكە مەترسیدارە.

رۆژی 28ی مانگی رابردوو ملکۆ بازیانی سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان بە میدیازانی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە زانیاریمان پێگەیشتووە کە ژمارەیەک گورگ چوونەتە دارستانی شاخی گۆیژە و لەگەڵ ژمارەیەک سەگی بێلانە دەژین، بۆیە لەگەڵ پۆلیسی دارستاندا سەقاڵی گەڕانین بۆ گرتنیان.

باسی لەوەشکرد، یەکێک لە گورگەکان مەترسیە بۆ سەر هاوڵاتیان، لەبەر ئەوەی قەبارەی گەورەیە و توانای پەلاماردانی هەیە، دەشڵێت گورگەکان لەلایەن ئەو کەسانەوە بینراوە کە رۆژانە سەردانی شاخی گۆیژە دەکەن بە مەبەستی وەرزش و شاخەوانی.

وتیشی:”ژمارەیان شەش گورگە و تەنها ئەم دانەیە بیندراوە لە شاخی گۆیژە و ئەوانی دیکە بچوکن و جێگەی مەترسی نین”.

پارتی سەوزی كوردستان چەند وێنەیەکی بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی، داواکارین لە هاوڵاتییان و گەشتیاران و وەرزشوانان و گروپی شاخەوانی سەردانی دارستانی گۆیژە نەکەن.