بۆ مۆندیال دە هەزار کەس لەعێراقەوە بەنیازی قەتەرن

 میدیازان – دیلان محەمەد – سێلمانی

ئەو کۆمپانیایەی تیکتی یارییەکانی مۆندیالی قەتەر دەفرۆشێ دەڵێ لەعێراق تا ئێستا نزیکەی دە هەزار تیکتیان فرۆشتووە.

رۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی داهاتوو جامی جیهانی ٢٠٢٢ لەقەتەر دەست پێدەکات و ئەمساڵ لەعێراق کۆمپانیای مونلاین مافی فرۆشتنی تیکتەکان و دابینکردنی شوێنی مانەوەو هاتووچۆی وەرگرتووە.

 رێنوار عەبدوڵا، لێپرسراوی بەشی فرۆشتنی میوانداری جامی جیهانی قەتەر لەو کۆمپانیایە باس لەوە دەکات ئەوە بۆ ساڵێک دەبێ پاکێجی مۆندیال دەفرۆشن و تائێستا نزیکەی دە هەزار تیکتیان لەهەموو عێراق فرۆشتووەو بەشی هەرە زۆری لەکوردستانەوەیە، بێ ئەوەی رێژەکەی کوردستان دیاریی بکات.

میدیازان زانیوێتی پاکێجەکان کە تیکتی یاریی و گواستنەوەو مانەوە دەگرێتەوە نرخەکانیان لە هەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات و دەگاتە سەروو سێ هەزار دۆلار، هەندێ حاڵەتی دەگمەنی وەک یاریی کۆتاییش هەیە پاکێجەکەی گەیشتووەتە سەروو دە هەزار دۆلار.

“هەندێ حاڵەتی دەگمەنی وەک یاریی کۆتاییش هەیە پاکێجەکەی گەیشتووەتە سەروو دە هەزار دۆلار”

زۆرترین ئەو تیکتانەی کە لای کۆمپانیاکە فرۆشراوە تیکتی یاریی ئیسپانیا و ئەڵمانیایە کە رۆژی ٢٧ی تشرینی دووەم بەڕێوە دەچێت.

لێپرسراوەکەی مونلاین ئەوەشی وت کە بەشی هەرە زۆری کڕیارەکانیان لەکوڕانن، بەڵام کچیشی تێدایە.