٢٢ خوێندکاری شیلادزێ لە کۆلیژی پزیشکی وەرگیران

میدیازان – هەژین فەتاح – شیلادزێ

 لە سێ خوێندنگەی شیلادزێ، ٢٢ خوێندکار لە کۆلیژی پزیشکی و ٣٠ خوێندکاری تریش لە ئەندازیاری وەگیراون.

عەلی ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئامادەیی شیلادزێی تێکەڵاو دەڵێ، ئەمساڵ ١٣ خوێندکاری خوێندنگەکەمان لە کۆلیژی پزیشکی وەرگیراون، وتی “ساڵانێکی زۆرە ئامادەیی شیلادزێ ناوو ناوبانگی لەسەر ئاستی قەزای ئامێدی هەیەو ساڵانە خوێندکارانی لە کۆلیژی پزیشکی وەردەگیردرێن، سێ ساڵی رابردووش لەسەر ئاستی قەزای ئامێدی یەکەم دەبین”.

 شیلادزێ، کە سێ ساڵە بووەتە ناحیە، سەر بە قەزای ئامێدییەو ٣٤ کیلۆمەتر لێیەوە دوورەو ١٣٤ کیلۆمەتریش لە پارێزگای دهۆک دوورە، بەو ئەنجامەی بەدەستی هێناوە بووەتە یەکەمی سەر ئاستی قەزای ئامێدی کە قەزایەکە، ناحیەکانی چەمانکێ، سەرسەنگ، کانی ماسی، دێرەلوک و بامەڕنێ لەخۆ دەگرێت.

” لە سێ خوێندنگەی شیلادزێ، ٢٢ خوێندکار لە کۆلیژی پزیشکی و ٣٠ خوێندکاری تریش لە ئەندازیاری وەگیراون”

 فرسەت رەمەزان، بەڕێوەبەری ئامادەیی سیریێی تێکەڵاو دەڵێ، لە خوێندنگەکەمان ١٨ خوێندکار بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی کۆتایی کرد، لەم ژمارەیەدا شەش خوێندکار لە کۆلیژی پزیشکی وەرگیران و چواری دیکەش لە ئەندازیاری، زیاتر وتی “ئەوانی تریش لە کۆلیژی کارگێڕی و ئابووری و پەرستاری، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ بۆ خوێندنگەکەمان زۆر باش بوو”.

 لای خۆیەوە بەرقی تاهیر، بەڕێوەبەری ئامادەیی ئاڵا دەڵێ، بۆ ئەمساڵ سێ خوێندکارمان لە کۆلیژی پزیشکی وەرگیراون، وتی “خوێندنگەکەمان ساڵی ٢٠١٧ کراوەتەوە، لە پێنج ساڵی رابردوودا لە یەکەمەکانی سەر ئاستی قەزای ئامێدی بووە”. زیاتر وتی “ساڵی یەکەم، پلەی سێیەمی سەر ئامێدی بووین، ٢٠١٩ پلەی یەکەم، ٢٠٢٠ پلەی سێیەم و ساڵی رابردووش هاتینەوە ریزبەندی یەکەم”.