کەمبوونەوەی ئاوی زێی گەورە ئاوی بیرەکانیشی کەم کردووە

میدیازان – سەعید محەمەد – خەبات

کەمبوونەوەی ئاستی زێی گەورە، کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی بیرەکانی ماڵان له‌خه‌بات دروستکردووە، بەڕێوەبەری ئاوی خەبات دەڵێ، تەنیا لەمساڵدا ٤٨ مەتر ئاوی ژێر زەوی کەمی کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممه‌ چواری ئەیلول، توانا عەلی بەڕێوەبەری ئاوی خەبات بە میدیازانی راگەیاند، کەمبوونەوەی ئاوی زێی گەورە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی بیرەکانیش کردووە.

لەسنووری کارگێڕی قەزای خەبات بە گوندەکانەوە ٢١٣ بیر هەیە، لە سەنتەری خەباتیش ٦٨ بیر هەیە.

بەڕێوەبەری ئاوی خەبات ئاماژەی بەوەدا کە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو ئاوی بیری ماڵان زۆر کەمی کردووە، وتی “لەسەرەتای ئەمساڵ بیرێکی نوێمان لە خەبات لێداوە، بەراورد بەو پێنج بیرەی ساڵی رابردوو لێدراون، 48 مەتر ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە کە ساڵی رابردوو ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ مەتر بوو”.