حەفتا ساڵە تەحین دروست دەکات

هەر بە ئاشی دەستی نزیکەی ٤٠٠ کیلۆ بەرهەمیەتی

دوکانەکەی حاجی فرسەت – میدیازان

میدیازان – هەژین فاتیح – دهۆک

 لە دهۆک دوکانێکی دروستکردنی تەحین هەیە، کە تاوەکو ئێستاش بەرێگەی ئاشی دەستی تەحین بۆ کڕیارەکانی دروستدەکات، مێژووی پیشەکەیان ٧٠ ساڵە.

 سەرەتا لە ساڵی ١٩٥٢، کەسێک بەناوی رەشید ئاشەکەی دامەزراندووە لە گوندی چەمجی نزیک دهۆک.

 ئێستا کوڕەزایەکی بەناوی حاجی فرسەت خاوەنی ئاشەکەیە، تەحین و کونجی لەسەر شێوازە کۆنەکەی باپیری دروستدەکات و دەفرۆشێت.

سەبارەت بە مێژووەکەیان، حاجی فرسەت بۆ میدیازانی باسکرد، باپیری ئاشەکەی بە دوو ساڵ بنیاتناوە، سەرەتا ناوی “رەشید بۆ دروستکردنی تەحین” بووە.

تەحین لەکونجی دروست دەکرێت و زۆربەی ئەو تەحینەی لەکوردستان بەرهەم دەهێندرێت سەرچاوەی کونجییەکەی لەوڵاتانی سوریاو ئۆزبەکستان و هیندستان و رۆمانیاو خوارووی عێراقەوەیە.

بەرهەمەکانی لەم قوتوانە دەنێت

 ئەم ئاشی تەحینە لە ساڵی ١٩٨٨ تاوەکو ١٩٩٧ داخراوەو نۆژەنکراوەتەوە، چونکە لەو ساڵانەدا بنەماڵەکە ئاوارەی تورکیا دەبن.

 حاجی فرسەت دەڵێت، لە ١٩٩٧ بڕیاریدا دوکانەکە بگوێزێتەوە بۆ ناحیەی شیلادزێ و لەگەڵ مامێکی بەناوی حاجی حسێن دووبارە دەست بە پیشەکەیان بکەنەوە.

 میدیازان پرسیاری کرد، تەحینەکەی حاجی فرسەت خواستی زۆری لەسەرە و نرخەکەی بۆ هەر کیلۆیەک ١٠ هەزار دینارە.

 ئاشەکەی حاجی فرسەت بە سیستمی ئاو کاردەکات، هۆکاری دەستبەردارنەبوونی لەو ئاشە کۆنینەیە بۆ بەخشینی تامی سروشتی و نایابی تەحینەکەی دەگەڕێنێتەوە.

لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 100 کارگەی بەرهەمهێنانی تەحین هەیە کەپێکەوە رۆژانە نزیکەی 25 هەزار تۆن تەحین بەرهەم دەهێنن.