دووکەڵی سەیارە هۆکاری سەرەکی تووشبوونی سێ کارمەندی هاتوچۆیە بە شێرپەنجە

پزیشکی پسپۆر یەکلاییکردەوە

کارمەندێکی هاتوچۆ لەسەر شەقام

میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی

 سێ کارمەندی هاتوچۆ لە قەزای دەربەندیخانی سلێمانی، تووشی نەخۆشی شێرپەنجە هاتوون، ئەوان رۆژانە لەسەر شەقامەکان ئەرکیان هەبووە و بەهۆیەوە دووکەڵی ئۆتۆمبێلیان هەڵمژیوە.

 دووانیان تووشی شێرپەنجەی خوێن بوون، ئەوی دیکەیان شێرپەنجەی میزەڵدان، هەرسێکیان کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەربەندیخانن.

 میدیازان سۆراخی کرد و ئەو پزیشکەی دواند کە ئەرکی چارەسەری دووان لە توشبووەکانی لە ئەستۆ گرتووە، ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی خوێن هاتوون.

 دکتۆر دانا عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن لە نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی بە میدیازانی وت، “لە شێرپەنجەی خوێندا بۆماوەیی نییە و دیاریکردنی ھۆکاری تووشبون کەمێک ئەستەمە، بەڵام ھۆکارەکان بە گشتیی، تێکچوونی کرۆمۆسۆم و پیسبوونی ژینگەن”.

 دکتۆر دانا زیاتری وت، “دووکەڵی ئۆتۆمبێل و بەنزین و ماددەی تیشکدەرەوە پرۆسەی تووشبونی ئەو دوو کەسەیان خێراترکردووە”.

 بەڵام نەیشاردەوە، توشبوونەکەیان پێی دەوترێت، “شێرپەنجەی کورتخایەنی خوێن”، گەشبینی نیشاندا بە چاکبوونەوەیان.

 ئەمڕۆ چوارشەممە لە رادیۆی هاتوچۆی سلێمانی موقه‌ده‌م جاسم عه‌لی خان، بەڕێوەبەری هاتوچۆی ده‌ربه‌ندیخان رایگەیاند کە سێ کارمەندیان بەهۆی ئەوەی لەسەر شەقامەکانن تووشی شێرپەنجە بوون.

عەبدول ئەحمەد، یەکێکە لە کارمەندە تووشبوەکان، بۆ میدیازان باسی لە دۆخی خراپی خۆی کرد و وتی، لەگەڵ هاوڕێکانیدا بەردەوام بە رێگەی نەخۆشخانەی هیوان بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

موقه‌ده‌م جاسم عه‌لی خان، بەڕێوەبەری هاتوچۆی ده‌ربه‌ندیخان بە میدیازانی وت، “كارمه‌ندانی هاتوچۆ به‌راورد به ‌هاوڵاتیانی دیكه ‌ئه‌گه‌ری تووشبونیان به ‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ زیاتره‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆرتر له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن ‌و رۆژانه‌ زیاتر به‌ركه‌وتنیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژینگه ‌‌و هه‌موو ئه‌و گازه‌ مه‌ترسیدارانه‌ی له ‌بزوێنه‌ری ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه‌ دێنە دەرەوە.

 چەند رۆژێک لەمەوبەر، میدیازان سۆراخێکی بۆ ژمارەی تووشبوانی شێرپەنجە کرد لە هەرێمی کوردستان، دەرکەوت بە تەنیا لە نەخۆشخانەی هیوا، رۆژانە ١٥ بۆ ٢١ کەس وەکو توشبوو تۆماردەکرێن.