راهێنەری یانەی زاخۆ دەستی لەكاركێشایەوە

 میدیازان- شڤان عەبدولڵا- زاخۆ

چوار یاری یەکەمی خولی نایابی عێراق بۆ یانەی زاخۆ نەهات بوو، سێ دۆڕاندن و بردنەوەیەک، بەو هۆیەوە راهێنەرەکەیان دەستی لەکار کێشایەوە.

لەخولی نایابی عێراق زاخۆ بەکەرخ و نەورۆزو زەورای دۆڕاندو تەنیا لەسناعەی بردەوە، بۆیە حەمزە هادی راهێنەر دەستی لەکارکێشایەوەو کارگێڕی یانەکەش دەست لەکارکێشانەوەی پەسەند کردوو بۆ راهێنەری نوێ دەگەڕێ.

حەمزە بە میدیازانی وت ‘نەمانتوانی سەرکەتووبین بۆیە دەستم لەکارکێشایەوە’.

“حەمزە بە میدیازانی وت ‘نەمانتوانی سەرکەتووبین بۆیە دەستم لەکارکێشایەوە’.”

یانەی زاخۆ لەپەیجەکەی خۆی لەسەر فەیسبووک دەڵێ ‘دەست لەکارکێشانەوەکە قبوڵکراو لەگفتوگۆداین لەگەڵ چەند راهێنەرێکی نوێ’، بەڵام ناوی هیچ راهێنەرێکی نەهێناوە.

حەمزە هادی سەرەڕای وازهێنانی، بەڵام متمانەی بەزاخۆ هەیەو وتی ‘هیوادارم دەست لەکارکێشانەوەم ببێتە هۆكاری ئەوەی یانەكە زیاتر بچێتە پێشەوەو سەركەوتنی زیاتر بەدەستبهێنێت’.

حەمزە راهێنەرێکی بەناوبانگی عێراقییەو پێشتر راهێنەری یانەکانی قوە جەویەو تەلەبەو دیوانییە بووە مانگی تەمموزی ئەمساڵ زاخۆ گرێبەستی لەگەڵ کردو شوێنی فیراس خەتیبی سوری گرتەوە.

ئەنجامی چوار یاریی پێشووی زاخۆ بەم شێوەیە بوو:

کەرخ ١ – ٠ زاخۆ

زەورا ٢ – ١ زاخۆ

زاخۆ ٢ – ٠ سناعە

زاخۆ ٠ – ٢ نەورۆز