بە ٣٠ مامۆستای وانە بە سێ خوێندکار دەڵێنەوە

ئادابی ئێواران داخرا

میدیازان – فەرمان سادق  – هەولێر

 بەراورد بە ساڵانی رابردوو، کەمترین دەرچووی ئەمساڵی پۆلی دوانزە لە زانکۆلایندا بەشەکانی شوێنەوار، مێژوو، جوگرافیایان پڕ کردۆتەوە، ئەمەش زانکۆی سەلاحەدینی ناچار کردووە بەشی ئێوارانی کۆلیژی ئاداب دابخرێت.

 بەپێی بەدواداچوونێکی میدیازان، ئەمساڵ کەمترین دەرچووی پۆلی دوانزە زانکۆلاینیان بۆ بەشە زانستەکانی مرۆڤایەتی پڕ کردۆتەوە، تەنانەت بەشی ئێوارانی کۆلیژی ئاداب کە خوێندن تێیدا بە پارە بوو، ئەمساڵ لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین داخراوە.

 بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢- ٢٠٢٣، تەنیا سێ خوێندکار لە بەشی شوێنەوار وەرگیراون، لەکاتیكدا پارساڵ ژمارەکە سەرووی ٣٠ خوێندکار بووە، بۆ کۆمەڵناسی ئەمساڵ ١٣ خوێندکار وەرگیراون کەچی پارساڵ سەرووی ١٠٠ خوێندکار بوو، بەشی مێژوو لە ١٧٥ خوێندکارەوە دابەزیوە بۆ ٥٨، کوردی لە ١٧٨ خوێندکارەوە دابەزیوە بۆ ٣٣، جوگرافیا لە ١٤٥ خوێندکار بووە بە ٣٨، تەنیا بەشی ئینگلیزی نەبێت کە وەک ساڵی رابردوو ١٥٩ خوێندکاری وەرگرتووە.

“بەهۆی نەبوونی خوێندکارەوە، زانکۆی سەلاحەدین، کۆلیژی ئادابی ئێوارانی داخست”

 هاوکار ئەحمەد، مامۆستای بەشی شوێنەواری کۆلیژی ئادابی سەر بە زانکۆی سەلاحەدین ئەو زانیارییانەی میدیازانی پشتڕاست کردەوە، ئاماژەی بەوەکرد کە لەم هەفتەیەدا سێ قوتابی تریش لەڕێگەی فۆڕمی راستەوخۆوە وەرگیراون.

 بەپێی قسەکانی مامۆستا ئەحمەد بێت، بەشی شوێنەوار زیاتر لە ٣٠ مامۆستای هەیە، بەڵام “لەبەر ئەوەی خوێندکارانی قۆناغی یەکەم تەنیا حەوت وانەیان هەیە، ئەوا حەوت مامۆستا وانەیان پێ دەڵێنەوە، ئەوانی تریش بەشێکیان وانە تەنیا بە خوێندکارانی ماستەرو دکتۆرا دەڵێنەوە”.

هاوکات کاروان جەوهەر، مامۆستای بەشی مێژوو لە کۆلیژی ئادابی سەر بە زانکۆی سەلاحەدین دەڵێ، سەرەتا ٦٥ خوێندکار وەرگیران، بەڵام لەم هەفتەیەدا حەوت خوێندکار سازشیان کردووەو بەشەکەیان جێهێشتووە.

 هەردوو مامۆستاکەی کۆلیژی ئاداب، ئەوەیان پشتڕاست کردووە کە بەشەکانی جوگرافیا، مێژوو، کۆمەڵناسی، دەروونزانی و راگەیاندن سەر بە کۆلیژی ئادابی ئێواران، بۆ ئەمساڵ هیچ خوێندکارێکیان وەرنەگرتووەو داخراون.

هۆکاری ئەوەی کە ئەم بەشانە خواستیان لەسەر نییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەرچوانی ئەو بەشانە دەرفەتی دامەزراندن و دەستکەوتنی کاریان کەمە.