عەرەبانەکەی بێریڤان
قاوەیەکی تاڵ لەژیانێکی تاڵدا
میدازان -هێڤی دوالی- دهۆك
ڤیدیۆ
لەناو بازاڕی دهۆک ژنێک بەخۆی و عەرەبانەکەیەوە ئەمسەرو ئەوسەری بازاڕ تەی دەکات، خەڵکی بۆ خواردنەوەی چاو قاوەو نیسکافە لێی کۆدەبنەوە.
بێریڤان محەمەد، خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، بارودۆخی سوریا ساڵی ٢٠١٤ لەشاری حەسەکە هەڵیکەندون و لەدهۆک گیرساونەتەوە، ئەو چەند ساڵە مێردەکەی کرێکاری کردووەو بژێوی خێزانەکەی دابین کردووە، دوای ئەوەی بوونەتە خاوەنی تاکە کچێک، سەرلەبەری ژیانیان سەراوژێر دەبێتەوەو چونکە هاوسەرەکەی کۆچی دوایی دەکات و باری ژیانی خۆی و کچەکەی دەکەوێتە ئەستۆ.
بێریڤان ١٠ مانگە ئەم عەرەبانەی چاو قاوەیەی داناوە، لەو کاتەی چای بۆ کڕیارەکان تێدەکرد بەمیدیازانی وت ‘مردنی هاوسەرەكەم ژیانی زۆر تێكدام و مەجبوری كردم دەستبكەم بەم كارە، بژێوی خۆم و منداڵەكەم پەیدابكەم’.
رۆژانەی بێریڤان ١٠ بۆ پانزە هەزار دینارەو مەمرەو مەژی ژیانی خۆی و کچەکەی پێ بەڕێدەکات، چاوی لەوەیە گوزەرانی باشتر ببێت و ئەرکەکەی سووک ببێ، دەڵێ ‘داوا لە خاوەنكارەكان دەكەم شوێنێكم پێبدەن وبۆ ئەوەی بتوانم كاری باشتر بكەم’.