سەرمای زستان و گەرمای هاوین تەسبیح فرۆشانی دهۆکی وەڕس کردووە
تەسبیح فرۆشانی دهۆک داوای کەپر دەکەن
میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک
زیاتر لە ١٠ ساڵە تەسبیح فرۆشانی دهۆک لە نزیک مزگەوتی کۆن لە ناوەندی پارێزگاکە تەسبیح دەفرۆشن، بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم پیشەیەیە بەڵام شوێنی کارکردنەکەیان بەدڵ نییە.
تەسبیح فرۆشانی ئەم بازاڕە ژمارەیان ٣٠ کەسە، دەڵێن بە زستان لەبەر باران و بە هاوینیش لەبەر گەرما رۆژانە بەدیار مێزێکی پڕ تەسبیح دادەنیش تا ١٥ بۆ ٢٠ هەزار دیناری رۆژانە بۆ خێزانەکانیان پەیدا بکەن.
ئەو رۆژانەی کە سەرمای زستان و گەرمای هاوین زۆریان بۆ دەهێنێت، ناچار تەسبیح فرۆشانی ئەم بازاڕە لە ماڵەوە دەمێننەوە و مێزەکانیان بە چۆڵی لەبەر باران و هەتاوی هاوین جێدەهێڵن.
“٩٥٪ـی تەسبێحەکانی کوردستان لە دەرەوە هاوردە دەکرێن”
سدیق عومەر، ١٠ ساڵە لەو بازارە تەسیبح دەفرۆشێت، بە میدیازانی وت، “دەیان جار داوامان لە شارەوانی کردووە هیچ نەبێت بەشێکی سەرەوەمان بۆ بکات بە کەپر تاوەکو لە زستان لەبەر باران شتەکانمان تەڕ نەبن وخەڵکیش بتوانن سەردانمان بکەن.” دەشڵێت، “لە هاوینان لەبەر گەرما نەئێمە دەتوانین سەرەدانی بازارەکە بکەین نە خەڵکیش دێت.”
زیاتر لە ١٥ جۆری تەسیبح لەم بازاڕەدا هەن، فرۆشیاران سەرووی ٩٥ لەسەدی تەسبیحەکانیان لەدەرەوە دەهێنن، نرخەکانیان لە 3 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا ٣٠ هەزار دینار، جگە لەهەندێ جۆری دانسقە کە نرخەکەی زۆر زیاترە.