گردێکی شەش مەتری مێژووی ئیدارەیەکی هەڵگرتووە

لە کوردستاندا شوێنێکی تری هاوشێوەی شمشارە بوونی نییە

گردی شمشارە کە مێژووەکەی بۆ چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە – میدیازان

میدیازان – ژیوار خدر – ڕاپەڕین

گردی شمشارە لە لێواری دەربەندی رانیەدا بەهاکەی بەهۆی بچووکییەوە، کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو ئەو گردە هەڵگری مێژووی ئیدارەکەیە و سەرەتای دروستبوونیشی بۆ ٤ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

گردی شمشارە کە بەرزییەکەی کە ٦ مەتر و ٣٣ سانتیمەترە بە دووریی حەوت کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری ڕانییەوە. ١٩مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. و پێشتر لە زۆربەی گردەکانی ئەو ناوچەیە بەرزتر بووە، بەڵام بەهۆی بەرزی و نزمیی ئاستی ئاوەوە تووشی ڕاماڵین بووە.

جاسپەر ئادەم، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی پیسای وڵاتی ئیتاڵیا و سەرپەرشتیاری تیمی کنە و پشکنین لە گردی شمشارە بە میدیازانی وت: “شمشارە پێش دروستکردنی بەنداوی دوکان دۆزراوەتەوە و دوابەدوای ئەوە لە ساڵی ١٩٥٧ لەلایەن تیمێکی دانیمارکییەوە پشکنینی بۆ کراوە. ڕاستە شوێنەکە گەورە نییە، بەڵام زۆر گرنگە چونکە مێژووی ئەم هەرێمە هەمووی دەخاتە ڕوو.”

مێژووی شمشارە بۆ ٤ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. تا ئێستا زیاتر لە ٢٤٧ نامەی بزماری و میخی و پەرستگایەکی سەردەمی ئاشوورییەکان و ٧ چینی مێژووییی تێدا دۆزراوەتەوە و سەرجەمیان لە مۆزەخانەی سلێمانی پارێزراون.

مێژووی شمشارە بۆ ٤ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. تا ئێستا زیاتر لە ٢٤٧ نامەی بزماری و میخی و پەرستگایەکی سەردەمی ئاشوورییەکان و ٧ چینی مێژووییی تێدا دۆزراوەتەوە و سەرجەمیان لە مۆزەخانەی سلێمانی پارێزراون.

ئەو پڕۆفیسۆرە ئاماژەی بەوەش دا، لە کوردستان شوێنێکی تری هاوشێوەی شمشارە بوونی نییە. بەڵام بەهۆی دابەزین و بەرزبوونەوەی ئاوی دەربەدنی ڕانییەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.

ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی وشەکساڵییەوە ژمارەیەک گۆڕ لە گردەکە دۆزرانەوە، کە مێژووەکەیان بۆ هەمان سەردەمی گردی شمشارە دەگەڕێتەوە.