پڕۆژەیاسا تازەکەی کار کرێکاران دڵخۆش دەکات

“کارکردنی منداڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەکرێت”

کرێکارێک کیسەیەک چیمەنتۆی هەڵگرتووە – Social Media

میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی

 ئەو پڕۆژە یاسایەی کار، کە لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە کاری لەسەر دەکرێت ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و بە پەسەندکردنیشی پەیوەندییەکانی کرێکار و خاوەنکار رێک دەخاتەوە.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێم بە میدیازانی راگەیاند: پڕۆژەیاسای کار لە ھەرێمی کوردستان لە ١٨ بەش و ١٥٩ ماددە پێک هاتووە و مافی خاوەنکار و کرێکار رێک دەخاتەوە و خزمەتی کرێکارییش دەستەبەر دەکات. 

وتیشی: “پڕۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە کاری لەسەر دەکرێت، لەم کابینەیەدا کەموکوڕی رەخنەکان لەسەری چاککراو بە وردبوونەوە لە یاسای پێشکەوتووی کاری وڵاتان نووسراوەتەوە و سیمینار و راوێژی زۆری لەناوخۆ لەسەر کراوە و رێکخراوی کاری نێودەوڵەتیش هاوکاریی کردووە.”

لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە ٣٩ی ساڵی ١٩٧١ کاری پێ دەکرێت، تا ئێستا چوارجار هەموار کراوەتەوە و دوایین جار لە ساڵی ٢٠١٢دا هەموار کراوەتەوە، کە لە ١١٧ ماددە پێک هاتووە.

“ئەم یاسایە جگە لە دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران، ھاوکات ئازادیی کار پارێزراو دەبێت و نابێت مافی کارکردن کۆت بکرێت، کاری زۆرەملێ ناهێڵێت و کارکردنی منداڵ قەدەغە دەکات، هەروەها نەھێشتنی جیاکاریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە بەکارخستن و پیشەدا و یەکسانیی کرێ لەنێوان کرێکاری نێر و مێدا”، وتەبێژەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وای وت.

ئاماژەی بەوەش دا، یاساکە بە گرنگییەوە باسی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کردووە، کە خزمەتگوزارییەکی ماددیە و لە کاتەکانی بەساڵاچووان، نەخۆشی، پەککەوتن، لەدایکبوون و مردن، بێکاری، دایکایەتی و خانەنشینبوون بە کرێکار دەدرێت.