لە گەرمیان باوی دەرزی تێکەڵە هەر ماوە

بەکارهێنانی دەرزی تێکەڵە تەندروستی گەرمیانی هێنایە دەنگ 

میدیازان – هونەر فارس – گەرمیان

بەشێک لە نۆرینگەکانی گەرمیان، بۆ چارەسەری هەندێک نەخۆشی، دوو جۆر دەرمان یان زیاتر لە رێگەی سرنج تێکەڵ دەکەن و بەبێ گەڕانەوە بۆ زانستی پزیشکی بۆ نەخۆشەکانیان بەکاریدەهێنن.

لەسەر زۆر بەکارهێنانی دەرزی تێکەڵە تەندروستی گەرمیان هاتووەتە دەنگ، دەڵێت تێکەڵکردنی دوو جۆر دەرزی یان زیاتر کاریگەری دوور مەودای بۆسەر گورچیلە و ئەندامەکانی دیکەی جەستە دەبێت و هەر کارمەندێکی تەندروستی لە نۆرینگەکەی بەکاریبهێنێت روبەڕووی سزای یاسایی دەکەنەوە.

د. سیروان محەممەد بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان بە میدیازانی وت، “هەندێک دەرمان لە رێگەی دەرزی تێکەڵدەکرێن دەبن بە ژەهر،” دەشڵێت بەشێک لە نەخۆشەکان بەبێ بینینی پزیشک لە نۆرینگەکان دەرزی تێکەڵەیان لێدەدرێت.

مانگی شووباتی ئەمساڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە بڕیارێک دەرزی تێکەڵەی قەدەغە کرد و رایگەیاند، تێکەڵکردنی ھەردوو ئەمپوڵی دەرمانی ڤۆڵتارین و دیکادرۆن لە یەک سرنجدا کە لەناو خەڵکیدا بە تێکەڵە ناسراوە، قەدەغەیە، ئەویش بەھۆی ئەو زیان و کاریگەرییە تەندروستیە مەترسیدارانەی کە لێی دەکەوێتەوە.

قوربانییەکی دەزی تێکەڵە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە میدیازانی وت، لە کەلار ساڵی ٢٠١٦ کاتێک ئازارێک لە سکی دروست بووە بە مەبەستی چارەسەر سەردانی نۆرینگەیەکی کردووە، پزیشک بەبێ پشکنینی پێویست یەکسەر دەرزی تێکەڵەی بۆ کردووە و بەو هۆیەوە “ریخۆڵە ئەستوورەی تەقیوە.”

لە ناوەندی ئیدارەی گەرمیان ٣٣٥ نۆرینگەی پزیشکی بوونی هەیە، پێشتر چەندین نۆرینگە بەهۆی بەکارهێنانی دەرزی تێکەڵەوە داخراون و دوای ماوەیەک کراونەتەوە.

عەدنان محەممەد قادر بەرپرسی سەندیکای تەندروستی گەرمیان، بە میدیازان راگەیاند، نوسراوی فەرمییان ئاراستەی نۆرینگەکان کردووە و رۆژانە لەگەڵ لیژنەی قایمقامییەتدا نۆرینگەکان بەسەردەکەنەوە، هەر نۆرینگەیەک دەرزی تێکەڵە بەکاربهێنێت روبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە